گەشبینی Optimism و مامەڵەی پۆزەتیڤانە لەگەڵ گرفتەكانی ژیانی رۆژانە بۆ دڵ سوودبەخشن. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە تەندروستیی دڵ لە كەسانی گەشبیندا تا رێژەی 50- 76% باشترە بە بەراورد لەگەڵ كەسانی رەشبیندا. لە هەر كەسێكدا، پەیوەندی بەهێز لە نێوان باری دەروونی و تەندروستیی جەستەییدا هەیە، تەندروستیی دەروونی باشتر واتە تەندروستیی جەستەیی (فیزیكی) باشتر. ئەمەش روونكراوەتەوە كە كەسانی گەشبین خاوەن ئاستێكی نزم و جێگیری كۆلیستیرۆل و شەكری خوێنن، هەروەها كێشی لەشیان لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و زیاتر ئاكتیڤن لە لایەنی فیزیكی و مەشقی وەرزشییەوە، دوورن لە جگەرەكێشان، هەروەها كەمتر لەژێر سترێسی دەروونیدا دەبن بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی كە كەمتر گەشبینن، بۆیە پارێزراون لە تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان Artereosclerosis. میكانیزم بۆ پاراستنی دڵ ئەوەیە كەسانی گەشبین ناچنە ناو هیچ كار و چالاكییەك كە ببێتە مایەی سترێس و نیگەرانی، هەڵسوكەوتی تەندروستییانە دەكەن، لەكاتی سترێسدا باشتر و ئارامتر و پۆزەتیڤانەتر مامەڵە دەكەن بۆ سووككردنی. گەشبینی بەگشتی هاندەرە بۆ تەندروستییەكی باشتر، خەوێكی باشتر، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی باشتر. زاناكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەتا ئەگەر لەگەڵ لەدایكبوونتدا بە ژەمێكی گەورەی گەشبینی بارنەكرابیت، دەتوانیت كە بەرە بەرە خۆت لەسەر بیركردنەوەی پۆزەتیڤ و گەشبینی رابهێنیت، هاوكات لەگەڵ بەلاوەنانی هەر بیر و هزرێكی رەشبینییانە.