بۆچی هەندێك كەس بە بینینی خوێن دەبوورێنەوە؟

بۆچی هەندێك كەس بە بینینی خوێن دەبوورێنەوە؟
نزیكەی (2 - 4%)ـی خەڵك پاش بینینی خوێن یان برینداربوون یان لێدانی دەرزی دوچاری بوورانەوە دەبن، سەرەتا هەستكردن بە سووكبوونی سەر، هێڵنج، ئارەقەكردن، سپیبوونی رەنگی دەموچاو، پاشان كەوتنە سەر زەوی و بوورانەوە. چەند سەدەیەكە ئەم دیاردەیە لە مرۆڤدا بەدی دەكرێت بێ ئەوەی كە تا ئێستا میكانیزمی تەواوی بزانرێت، ئەگەرچی مەسەلەكە پەیوەندی بە گرفت لە كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێندا هەیە، بە مانایەكی تر مێشك بڕی پێویستی خوێنی ناگاتی و بوورانەوە روودەدات. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو كەسانە لە حاڵەتی ئاساییدا گرفتیان لە كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێندا هەبێت، بەڵكو تەنیا لەكاتی بەرەنگاربوونەوە بە بینیی خوێندا. بوورانەوە لەكاتی بینینی خوێندا وەكو بەشێك لە كاردانەوەی تۆقین یان ترس لە خوێن Phobia of blood پۆلێن دەكرێت. پەستی و نیگەرانی ئەگەری بوورانەوە زیاتر دەكات لەبەرئەوەی لەش هۆرمۆنی ئەدرینالین دەردەدات كە هانی لێشاوی خوێن بۆ قاچ دەدات، بەمەشەوە بڕێكی كەمتری خوێن دەگاتە مێشك، دەرەنجام ئەگەری لەهۆشچوون دێتە پێشەوە. بۆ خۆپاراستن، كەسانی تووشبوو دەتوانن ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر كە تا رادەیەك یارمەتیدەرن: خواردنەوەی نیو لیتر ئاو 20- 30 خولەك پێش ئەگەری بەرەنگاربوونەوە بە بینینی خوێن، گرژكردنەوەی ماسوولكەكانی قاچ و ڕان كە هانی پەمیكردنی خوێن لە قاچەكانەكانەوە بۆ ناوچەی سەر دەدات.
Top