زیپكەی گەنجێتی Acne باوترین نەخۆشیی گلاندە چەورییەكانی پێستە، بەشێكە لە باڵغبوونی ئاسایی، پاش چاكبوونەوەش زیپكەكان هیچ ئاسەوارێك جێناهێڵێن، بەڵام زیپكەی سەخت و مامەڵەی ناتەندروستییانە لەگەڵ زیپكەدا وەكو دەستكاریكردن و گوشینی زیپكەكان یان بەكارهێنانی ئاوێتەی جوانكاری و كرێمی پێست بە بێ رێنمایی دكتۆر هۆكارن بۆ پەیدابوونی ئاسەوارەكانی زیپكە Scars بە شێوەی پەیدابوونی چاڵ لە پێستدا یان كیس و گرێ. چەندین رێگە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئاسەوارەكانی زیپكە یان شاردنەوەیان، هەر رێگەیەك بە گوێرەی جۆری ئاسەوارەكە لە لایەن دكتۆر هەڵدەبژێردرێت، بۆ نموونە لێزەر گونجاوە بۆ چاڵی فلات و قووڵ لە پێستدا، دەرزیی كۆلاجین Collagen گونجاوە بۆ پڕكردنەوەی ئاسەواری فلات و كونی بچووك Ice-pick scars، دەرزیی ستیرۆیدی و نایترۆجینی شل Liquid nitrogen گونجاون بۆ بچووككردنەوە و ونكردنی كیسە گرێ Lumpy cysts. رێگەیەكی تر بۆ چارەسەركردنی ئاسەوارەكانی زیپكە بریتییە لە تاشینی پێست بەهۆی ئامێرێكی تایبەت كە بە فڵچەیەكی ورد بە خێراییەكی زۆر پێست دەتاشێت Dermabrasion، بەڵام لەبەر ئەگەری هەوكردنی پێست ئێستا بە كەمیی بەكاردێت. بەكارهێنانی شیتی سیلیكۆنی Silicone sheets كە گەلێك جار بە پێستی سیلیكۆنی ناوزەد دەكرێت وەكو نیقاب یان ماسك ئاسەوارەكانی زیپكە دادەپۆشێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لەژێر پرسیاردایە. نەشتەرگەریی جوانكاری گونجاوە بۆ ئاسەواری گەورە و قووڵ كە شێوەی دەموچاو ناڕێك دەكەن.