ئایا موودەردان پەیوەندی بە نەزۆكییەوە هەیە؟

ئایا موودەردان پەیوەندی بە نەزۆكییەوە هەیە؟
موودەردان Hirsutism دوچاری نزیكەی 5- 10% ی ئافرەتان دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە تووشی كیسی هێلكەدان دەبن. موودەردان بریتییە لە زیادبوونی موو لە شوێنی هەڵە و نەخوازراوی لەشی ئافرەت كە لە حاڵەتی ئاساییدا موو لەو شوێنانەدا گەشە ناكات، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر لایەنی جوانیی و دەروونیی ئافرەت. دابەشبوونی شوێن و چەندێتیی گەشەی موو لە لەشدا پەیوەستە بە چەند هۆكارێك بەیەكەوە وەكو بۆماوە، ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی، ستایلی ژیان. هۆكاری سەرەكیی موودەردان لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنە نێرینەییەكان Androgens بەتایبەتی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن. بەگشتی موودەردان نابێتە هۆی دواكەوتنی دووگیانی، تەنیا لە هەندێك حاڵەتی موودەرداندا ئافرەت دوچاری نەزۆكییەكی كاتی دەبێت، بۆ نموونە فرەكیسی هێلكەدان PCOS لەبەر ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی كە دەبێتە هۆی ناڕێكی لە سووڕی مانگانە و دروستبوونی هێلكۆكەدا. بە بەكارهێنانی چەند دەرمانێك دەكرێ تا رادەیەكی باش گەشەی موو كەمبكرێتەوە و ریتمی سووڕی مانگانە تا رادەیەك رێكبخرێتەوە كە گرنگی زۆری بۆ دووگیانبوون هەیە، ئەم دەرمانانە یان ئاستی دەردانی تێستۆستیرۆن كەم دەكەنەوە یان رێگا لە كاریگەرییەكانی تێستۆستیرۆن دەرگرن، بەڵام بەگشتی زیانی لابەلایان هەیە، بۆیە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان و ئەنجامی باشتر وا رێنمایی دەكرێت كە لەگەڵ حەبی مەنع بەیەكەوە بەلای كەم بۆ ماوەی 6 مانگ بەكاربهێنرێن.
Top