ئایا دەزانی كە دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر لە شوێنی كار، یان لە ماڵەوە بە دیار شاشەی تەلەڤزیۆن یان كۆمپیوتەر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و منداڵدان زیاد دەكات. لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە هەر 2 كاتژمێر زیاتر دانیشتن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان تا 10% و شێرپەنجەی كۆڵۆن تا 8% زیاد دەكات، هەروەها ساڵانە 49،000 حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی مەمك كە پەیوەستن بە زیاد دانیشتن تەنیا لە ئەمریكادا تۆمار دەكرێن. لە لایەكی ترەوە، زیاد دانیشتن پەیوەندی بەهێزی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، نەخۆشیی دڵ، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی كە ئەمەش بە دەوری خۆی ئەگەری كۆمەڵێك ئاڵۆزی تەندروستی لێدەكەوێتەوە كە شێرپەنجەش دەگرێتەوە. هەروەها ئەمەش روونكراوەتەوە كە زیاد دانیشتن هانی زیادبوونی ئارەزووی خواردن دەدات، بۆیە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دێتە پێشەوە ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات. ئەو ئیشانەی كە دەكرێ بە وەستان ئەنجامیان بدەیت باشترە بە دانیشتن ئەنجامیان نەدەیت، لەكاتی دانیشتن بە دیار تەلەڤزیۆن یان ئیشی كۆمپیوتەر ناوە ناوە هەڵسەوە و جووڵەیەك ئەنجام بدە.كە كەمتر دادەنیشیت ئەوا بێگومان زیاتر دەجووڵێیت، دەرەنجام سوود بە تەندروستیت دەگەیەنێت.