باڵغبوون Puberty لەوكاتەدا سەهەڵدەدات كە مێشك سیگناڵ دەداتە هێلكەدانەكان بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی مێیینە(ئیسترۆجین) كە گرنگە بۆ گەشەی بەرچاوی لەش و گەورەبوونی قەبارە و دروستیی كۆئەندامی زاوزێ. لە كچدا، باڵغبوون بە تێكڕایی لە تەمەنی 8- 13 ساڵیدا دەستپێدەكات و بۆ ماوەی 2- 4 ساڵ بەردەوام دەبێت. لەم ماوەیەدا، رێژەی چەوری لە لەشدا زیاد دەبێت، هەروەها بارستایی ماسوولكە و ئێسك گۆڕانی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن. زیادبوونی خێرای كێشی لەش لە تەمەنی باڵغبووندا حاڵەتێكی ئاساییە. زیادبوونی 7- 8 كیلۆگرام كێشی لەش لە قۆناغی باڵغبووندا بە ئاسایی هەژمار دەكرێت بەتایبەتی لە كچدا، ئەمە گرنگی هەیە بۆ گەشە و پەرەسەندنێكی دروست. زیاد نەبوونی كێشی لەش هاوكات لەگەڵ باڵغبووندا حاڵەتێكی ناتەندروستییانەیە. هەندێك كچ بەم زیادبوونەی كێشی لەش ناڕەحەت و نیگەران دەبن، بەڵام دڵنیاكردنەوەیان لە لایەن دایك و باوكەوە كارێكی زۆر پێویستە، هاوكات لەگەڵ چاودێریكردنی خۆراكیان، بۆ نموونە كەمكردنەوەی چەوری و شیرینی و خۆراكی خێرا و زیادكردنی سەوزە و میوە لەگەڵ هاندانی چالاكییە وەرزشییەكان. پێویستە ئەم راستییە بۆ كچە هەرزەكارەكان روون بكرێتەوە كە زیادبوونی كێشی لەش هاوكات لەگەڵ باڵغبوون شتێكی حەتمییە و نابێت كە بە هیچ شێوەیەك رێگای لێبگیرێت، بۆ نموونە بەكارهێنانی دەرمان یان ریجیمكردن.