گورجكردنی دەموچاو Face-Lift كاریگەرترین و گەورەترین نەشتەرگەرییە بۆ كەمكردنەوە و شاردنەوەی چرچ و لۆچی و شۆڕبوونی پێستی دەموچاو كە پەیوەستن بە تەمەن. گورجكردنی دەموچاو بریتییە لە گورجكردنی پێست و شانەكانی ژێرەوەی لە هەردوولای دەموچاودا، لەوانەیە كە پارچەیەك پێستی زیاد ببڕدرێت و لاببرێت، ئەم نەشتەرگەرییە بەگشتی لە ژێر بەنجی گشتیدا ئەنجام دەدرێت و چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت. ئەگەرچی نەشتەرگەریی گورجكردنی دەموچاو هەموو لۆچەكانی دەوری چاو و ژێرەوەی لووت و دەوری لێو بە تەواوی ناشارێتەوە، بەڵام نیشانەكانی بەساڵاچوون لە دەموچاودا تا رادەیەكی زۆر كەم دەكاتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێست راست ناكاتەوە. كەمی یان روونەدانی زیانی لابەلا و ئاڵۆزییەكانی نەشتەرگەریی گورجكردنی دەموچاو بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەستە بە زیرەكی و كارامەیی دكتۆری نەشتەرگەریی جوانكاری، بەهەرحاڵ زیانی لابەلا و ئاڵۆزییەكان ئەمانەن: خوێنبەربوون لەژێر پێستدا، هەوكردن، برینداربوونی دەماری ماسوولكەكانی دەموچاو كە دەبێتە هۆی گورجبوون یان ئیفلیجبوونێكی كاتیی چەند ماسوولكەیەك، سڕبوونی چەند شوێنێكی دەموچاو كە لەوانەیە بۆ ماوەی 6 – 12 مانگ بەردەوام بێت، قژهەڵوەرین، پەیدابوونی ئاسەوار لە هەندێك شوێندا.