بۆچی پلەی گەرمیی لەش بەرزدەبێتەوە؟

بۆچی پلەی گەرمیی لەش بەرزدەبێتەوە؟
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش Fever واتە پلەی بەرزتر لە 37 پلەی سەدی (یان 98.6 پلەی فەهرەنهایت). بەشێكی خوارەوەی مێشك بە ناوی هایپۆتالامەس Hypoyhalamus وەكو تێرمۆستات كۆنتڕۆڵی پلەی گەرمیی لەش دەكات و بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمیی لەش چەند میكانیزمێك پەیدا دەكات وەكو لەرزینی لەش، گۆڕان لە میتابۆلیزمدا، ئارەقەكردن، فراوانبوون یان تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن بەتایبەتی لە پێستدا. پلەی گەرمیی لەش لەوكاتەدا بەرزدەبێتەوە كە سیستمی بەرگریی لەش كاردانەوە بەرامبەر بە ماددەیەكی دەرەكی كە بزوێنەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بێت Pyrogen، ئەم ماددانە كە لە دەرەوە دەگەنە لەش هانی دروستبوونی ژمارەیەكی زیاتری هەمان ماددە دەدەن. بزوێنەرەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش بریتین لە: ڤایرۆسەكان، بەكتریا، كەڕوو، دەرمان، ماددەی ژەهراوی، پاش كوتان و لەكاتی ددان هاتن لە منداڵاندا، شێرپەنجە، هەوكردنی رۆماتۆیدیی جومگە، مەیینی خوێن لەناو بۆڕییەكانی خوێندا(خوێنبەر و خوێنهێنەر)، نەخۆشیی گلاندە كوێرەكان، یان سیستمی هۆرمۆنی لەش. بەگشتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش لەبەر هەر هۆكارێك، چەند نیشانەیەك لە لەشدا سەرهەڵدەدەن وەكو: سەرئێشە، بێهێزیی گشتی، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەستكردن بە سەرما، ئارەقەكردن، ئازاری جومگە و ماسوولكە، قەبزی.
Top