سپێرمی Sperm پیاو بڕیار دەدات كە كۆرپە كوڕ بێت، یان كچ، نیوەی سپێرمەكان هەڵگری جینی كوڕ و نیوەكەی دیكەی هەڵگری جینی كچن، بەڵام كامیان زووتر هێلكە بپیتێنێت، ئەوا ئەو سپێرمە رەگەزی كۆرپە دیاردەكات. رەگەز بە 2 كرۆمۆسۆم دیاردەكرێت، كرۆمۆسۆمی X و Y، كرۆمۆسۆمی XX واتە كچ، كرۆمۆسۆمی XY واتە كوڕ. هێلكۆكەی ئافرەت تەنیا كرۆمۆسۆمی X هەڵدەگرێت، كەچی سپێرم هەر دوو جۆری كرۆمۆسۆمی X و Y هەڵدەگرێت، بۆیە ئەگەر هێلكۆكە بە سپێرمی هەڵگری كرۆمۆسۆمی X بپیتێنرێت ئەوا كۆرپە دەبێتە كچ، ئەگەر بە سپێرمی هەڵگری كرۆمۆسۆمی Y بپیتێندرێت ئەوا كۆرپە دەبێتە كوڕ. ئەگەرچی چانسی هەردوو جۆری سپێرم بۆ گەشتن بە هێلكۆكە و پیتاندن وەكو یەكە، بەڵام ئەمە سەلمێندراوە كە ئەو سپێرمانەی كرۆمۆسۆمی Y هەڵدەگرن بچووكتر و كێشیان سووكترە و خێراتر جووڵە دەكەن بە بەراورد لەگەڵ سپێرمی هەڵگری كرۆمۆسۆمی X، ئەمەش چانسی گەیشتن بە هێلكۆكە و پیتاندنی زیاتر دەكات. ئەو هۆكارانەی كە تا رادەیەكی كەمتر كاریگەرییان هەیە لە دیاركردنی رەگەزی منداڵ بریتین لە جۆری خۆراك و باری ئابووری. ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئەو پیاوانەی ژمارەی براكانیان لە ژمارەی خوشكەكان زیاترە، ئەوا لەوانەیە كە زیاتر ببنە خاوەن منداڵی كوڕ، ئەگەری پێچەوانەی ئەمەش لە ئارادایە، واتە بۆماوە رۆڵی گرنگی هەیە.