ئەڵقەی تاریك لە دەوری چاو

ئەڵقەی تاریك لە دەوری چاو
تاریكبوونی رەنگی پێستی دەوری یان بەری چاو Dark circles وا لە دەموچاو دەكات كە بەتەمەنتر بێتە بەرچاو و كاریگەرییەكی دەروونی نێگەتیڤ بۆ ئافرەت پەیدادەكات. هۆكارەكانی پەیدابوونی ئەڵقەی تاریك لە دەوری چاو بریتین لە: بۆماوە، كەمخەوی و زیادنووستن، سترێس و زیاد ماندووبوون، ئەكزیما، كەمخوێنی، هەستەوەریی لووت كە دەبێتە ئەگەری فراوانبوونی بۆڕییەكانی خوێن لە بەری چاو و تاریكبوونی رەنگی پێست، زەبر، یان برینداربوونی شانەكانی دەوری چاو، زیاد گریان، زیاد جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول، زیادبوونی كێشی لەش، دووگیانی، كەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشدا لەبەر كەم خواردنەوەی ئاو، زیاد بەركەوتن بە تیشكی خۆر، بەساڵاچوون، بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتەدا پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: بڕێكی زۆری ئاو بخۆرەوە، بەپێی رێنمایی پسپۆڕانی پێست خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو و شیرەی میوە هەنگاوێكە بۆ كاڵكردنەوەی ئەڵقەی تاریك لە پێستی دەوری چاو، هاوسەنگكردنی خۆراكی رۆژانە بەتایبەتی بڕێكی باشی سەوزە و میوە واتە بڕێكی باشی ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكان، بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو Sunblock بە رێنمایی دكتۆری پێست، هەروەها چاویلكەیەكی هەتاوی گەورە بەكاربێنە بۆ پاراستنی پێستی هەستیاری دەوری چاو جگە لە خودی چاو، دانانی كیسی پڕ لە چای سارد یان ئەڵقەی خیار و پەتاتە لەسەر شوێنە تاریكبووەكاندا بۆ ماوەی نیو كاتژمێر و رۆژانە دوو جار ئەنجامێكی باشی دەبێت، بەكارهێنانی هەویری زەردەچوو یان زەیتی باوی راستەوخۆ لەسەر شوێنە تاریكبووەكان. كرێمی تایبەتی كاڵكردنەوەی پێستیش تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بۆ هەر تووشبوویێك بە جیا تەرخان دەكرێت.
Top