گەلێك كەس زانیاریی تەواویان نییە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنی جۆری جلی ژێرەوە Panties كە تەندروست بێت و نەبێتە هۆی هەوكردن لە كۆئەندامی زاوزێ و میزەڕۆ، هەروەها نەبێتە هۆی سووربوونەوە و سووتانەوەی پێست، یان هەتا هەوكردنی پێست بە كەڕوو. ستایل و قوماش، یان ماددەی جلی ژێرەوە گرنگی زۆری هەیە. بۆ نموونە: جلی ژێرەوەی لۆكەیی كە هەموو بەشەكان داپۆشێت هەڵبژاردەیەكی تەندروستییانەیە. جلی ژێرەوەی لۆكەیی ئەگەری هەوكردن لە ئافرەتدا كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی لە كاتی سووڕی مانگانەدا، بۆ نموونە دانانی سانتی بە تەنیا رێگە لە گەیشتنی بەكتریا بە زێ ناگرێت، ئەگەر جلی ژێرەوەی گونجاو لەسەر سانتی لەبەر نەكرێت. جلی ژێرەوەی لۆكەیی زۆر گونجاوە بۆ تەندروستی و پاكوخاوێنی، چونكە نەرمە و لە رووی كێشەوە سووكە، هەروەها رێگە بە هاتوچۆی هەوا دەدات و گونجاوە بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرەكانی مەشقی وەرزشی سووك و مامناوەندی. هەندێك جۆری جلی ژێرەوە گونجاو و تەندروستییانە نین. بۆ نموونە: ئەوانەی كە رۆخەكانیان بە قایشێكی باریك داپۆشراوە Thong، چونكە بە ئاسانی رێگە بۆ گەیشتنی بەكتریا بە پێست خۆش دەكات و ئەگەری هەوكردن لە كۆئەندامی میزەڕۆدا زیاد دەكات، ئەم ئەگەرانە زیاتر دەبن لە رۆژە گەرمەكان و لەكاتی مەشقی وەرزشی و زیاد ئارەقەكردندا. بۆ ئافرەتێكی ئاسایی فەرمانبەر، یان ژنی ماڵەوە، جلی ژێرەوەی لۆكەیی زۆر گونجاوە. جلی ژێرەوەی گونجاو بۆ مەشقی وەرزشی ئەوانەن كە لە ماددەی پۆلیستیەر Polyester دروستكراون كە شێ و ئارەقە هەڵدەمژن.