لەگەڵ ئەوەی كە تەمەن، كێشی لەش و رەگەز رۆڵیان هەیە لە سووتاندنی كالۆری و كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەشدا، بەڵام دەكرێ تەنیا بە ئیشی ماڵەوە 100- 300 كالۆری وزە لە كاتژمێرێكدا بسووتێندرێت. بۆ ئافرەتێك كە كێشی لەشی لە دەوری 70 كیلۆگرام بێت، كۆی سەرفكردنی وزە بە ئیشەكانی ناو ماڵ Housework لە یەك كاتژمێردا بریتییە لە 215 كالۆری، ئەگەر ئەم كاتژمێرە بەسەر ئیشی جیاوازی ناوماڵ دابەش بكات، بۆ نموونە: گەسكی دەستی بۆ ماوەی 10 خولەك 37 كالۆری، بەكارهێنانی گەسكی كارەبایی بۆ ماوەی 10 خولەك 37 كالۆری، ئوتووكردن بۆ ماوەی 20 خولەك 50 كالۆری، سڕینەوەی كاشی بۆ ماوەی 20 خولەك 42 كالۆری، رێكخستنی یاتاغی نووستن بۆ ماوەی 10 خولەك 23 كالۆری، شووشتنی قاپ و قاچاغ بۆ ماوەی 10 خولەك 26 كالۆری. دەكرێ ئیشی ماڵەوە وەكو جێگرەوە بۆ مەشقی وەرزشی سوودی لێوەربگیرێت بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش و پاراستنی تەندروستی بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كە ناتوانن لە دەرەوەی ماڵدا مەشقی وەرزشی ئەنجام بدەن، بۆ نموونە بە تێكڕایی ژنی ماڵەوە لە بەریتانیادا زیاتر لە 16 كاتژمێر لە هەفتەیەكدا بە ئیشی ماڵەوە سەرقاڵ دەبن كە دەكاتە 2 كاتژمێر و 23 خولەك لە رۆژێكدا واتە سەرفكردنی وزە دەگاتە 250- 750 كالۆری. ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئیشی ناوماڵ جگە لەوەی هاندەرە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، سوودیشی بۆ لایەنی دەروونی ئافرەت هەیە.