هەندێك جۆری مەشقی وەرزشی ئەگەر بە شێوەیەكی دروست ئەنجام بدرێن، رۆڵی پۆزەتیڤیان دەبێت بۆ هاندانی گەشەی لەش و درێژبوونی باڵا لە ساڵەكانی گەشەكردندا. لە ساڵەكانی گەشەكردنی باڵادا، دەكرێ بە رێگەی خۆراكی دروست و مەشقی وەرزشی بەردەوام 2- 4 گرێ باڵا درێژتر بكەیت. راكردن سوودی زۆری هەیە بۆ هاندانی دەردانی هۆرمۆنی گەشە Growth hormone كە گرنگیی سەرەكی لە درێژبوونی باڵادا هەیە. ئەو فشارەی كە لەكاتی راكردندا دەكەوێتە سەر ماسوولكەكانی قاچ هۆكارە بۆ درێژبوونی ئێسك و ماسووڵكەكان. راكردن لەسەر زەوی خۆڵ، یان فریز باشترە لە زەوی رەق و كۆنكریت. بازدان، یان لێخوڕینی بایسكل رۆژانە بۆ ماوەی 10- 15 خولەك سوودی هەیە، دەكرێ بایسكلی جێگیریش بەكاربهێندرێت. كشانی ماسوولكەكانی قاچ لەكاتی فشاردانی پەیدالی بایسكلدا هاندەرە بۆ درێژبوونی ئێسك و ماسوولكەكان. مەلە بۆ ماوەی 20 خولەك، یان زیاتر سوودی هەیە، هەروەها پەت پەتێن Jumping rope بە دوو قاچ بە یەكەوە لەسەر مافور رۆژانە بۆ 300 جار، خۆهەڵواسین بە هەردوو دەستەكان رۆژانە بەلای كەم 10 جار. جووڵاندنەوەی سەربەست Free Hand بە هەردوو باسك بە یەكەوە رۆژانە 30 جار لەگەڵ وەرگرتنی هەناسەی قووڵ جۆرێكی تری مەشقی هاندەرە بۆ درێژبوونی باڵا.