لایەنە تەندروستییەكانی جوانكاریی گەورەكردنی لێو

لایەنە تەندروستییەكانی جوانكاریی گەورەكردنی لێو
گەورەكردنی قەبارەی لێو Lip augmentation بە هۆی دەرزی پڕكەرەوە (فیلەر Filler ) ئەنجام دەدرێت. گەلێك دەرمان وەكو فیلەر بۆ لێو و دەوری لێو بەكاردێن، ترشی هایالورۆنیك Hyaluronic acid باوترینیانە كە لە ژێر چەندین ناوی بازرگانی لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت. رێگەكانی تری گەورەكردنی لێو كە ئێستا بە كەمیی بەكاردێن بریتین لە: دەرزی كۆلاجین Collagen، دەرزی چەوری (گواستنەوەی چەوری بۆ ناو لێو)، دانانی تەنی بیانی Implants لەناو لێودا. بەر لە لێدانی دەرزی فیلەر، ماددەیەكی سڕكردنی خۆجێیی بۆ لێو بەكاردێت، ئینجا پاش دیاركردنی شوێنەكانی لێدانی دەرزی فیلەر بە وردی لە لایەن دكتۆری جوانكارییەوە، فیلەر بە دەرزی زۆر باریك لەم شوێنانەی لێو دەدرێت. پاشان بەفر بۆ ماوەیەك لەسەر لێوەكان دادەنرێت بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئاوسان، ئەنجامەكە راستەوخۆ پاش لێدانی دەرزی دەردەكەوێت. كاریگەریی دەرزی فیلەری لێو بۆ نزیكەی 6 مانگ دەمێنێتەوە، پاشان پێویستە كە دووبارە دەرزی نوێ بەكاربێتەوە. زیانە لابەلایەكان بەگشتی كاتین و تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەمێننەوە كە بریتین لە: خوێنبەربوون لە شوێنی لێدانی دەرزی، ئاوسان و سووربوونەوەی لێو، پەیدابوونی هەستەوەری بە شێوەی ئاوسان و سووربوونەوە و خورشتی لێو، هەندێك جاریش پەیدابوونی گرێی بچووك لەناو لێودا، نایەكسانی لە گەورەبوونی لێو، هەوكردن، كولبوونی لێو، گورجبوونی لێو و ناڕەحەتی لەكاتی جوولاندنەوەی لێودا.
Top