ئەگەرچی سترێس Stress كاردانەوەیەكی سروشتییە بۆ بزوێنەرە ناخۆشەكانی ژیانی رۆژانە، بەڵام هەندێك جار دەبێتە ئەگەری خەمۆكی بە شێوەی دڵتوندیی بەردەوام، پەستیی بەردەوام، نەمانی ئارەزوو بۆ چالاكییە خۆشەكان و كەمبوونەوەی تەركیز و تێكچوونی خەو. سترێسی درێژخایەن Chronic stress زیاتر لەبەر چەند گۆڕانێكی ناخۆش و نەخوازراو لە ژیاندا روودەدات، بۆ نموونە گرفتەكانی پەوەست بە پیشە، ژیانی هاوسەرێتی، باری ئابووری، نەخۆشی جەستەیی. سترێسی درێژخایەن هۆكارە بۆ دڵتوندی و غەمگینیی بەردەوام، نائومێدی، لەگەڵ نیشانەی تری خەمۆكی. جینەكان، یان مەیلی زگماكی لە هەندێك كەسدا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وادەكات سترێس ببێتە ئەگەری خەمۆكی، ئەمەش پاساوە بۆ ئەوەی كە هەندێك كەس پاش قەیران یان رووداوێكی نەخوازراو دوچاری خەمۆكی دەبن كەچی كەسانێكی تر دوچاری خەمۆكی نابن. سترێس لە هەندێك كەسدا ئەگەری تووشبوون بە چەند حاڵەتێكی ناتەندروستییانە زیاد دەكات وەكو زیاد خواردن و دووركەوتنەوە لە چالاكی بەدەنی و زیادبوونی كێشی لەش، هەروەها جگەرەكێشان، خواردنەوەی ئەلكهول، دابەزینی مەزاج، ئەمانە هەموویان ریسكی تەندروستی پەیدا دەكەن.