ئەگەر پێوانەی كۆلیستیرۆل 225 بێت ئایا مەترسی بۆ تەنـــدروستی هەیە؟

ئەگەر پێوانەی كۆلیستیرۆل 225 بێت ئایا مەترسی بۆ تەنـــدروستی هەیە؟
پشكنینی كۆلیستیرۆڵی گشتی Total cholesterol بریتییە لە كۆی هەر 3 جۆرەكەی كۆلیستیرۆڵ لە خوێندا، واتە كۆلیستیرۆڵی باش HDL، كۆلیستیرۆڵی خراپ كە 2 جۆرن: LDL و VLDL. پشكنینی كۆلیستیرۆڵ بۆ هەر كەسێك تەنیا لەوكاتەدا پشتی پێ دەبەسترێت كە بەلای كەم بۆ ماوەی 12-14 كاتژمێر هیچ شلەیەك، یان خۆراكی نەخواردبێت. ئەگەر ئەنجامی پشكنینی خوێن بۆ كۆلیستیرۆڵی گشتی بگاتە 225 ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێن، یان پتر بە بارێكی سەلامەت دانانرێت و نابێ كە هەرگیز فەرامۆش بكرێت، واتە پێویست بە چارەسەركردنی پزیشكیی دەكات. ئەگەر دانەبەزێندرێت، ئەوا لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت و لە ماوەی چەند ساڵێكدا كاریگەریی مەترسیدار دەكاتە سەر تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. هەرچەند پێوانەی كۆلیستیرۆڵی گشتی و بەتایبەتی پێوانەی كۆلیستیرۆڵی خراپ بەرزتر بێ، هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەكان زیاتر دەبێت. بێگومان واباشترە كە ئەم رێژەیە لە 200 ملگم/دێسیلیتر كەمتر بێت، كە پێوانەی كۆلیستیرۆڵ دەگاتە 225 ئەوا دابەزاندنی 25 ژمارەی زیاد ئاسانترە لە 40 یان 50، بۆیە زووتر دابەزاندنی زۆر باشترە و هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەكان. گۆڕینی یەكسەری ستایلی ژیان بە شێوەی مەشقی وەرزشی بۆ ماوەی 30 خولەك لە زۆربەی رۆژەكانی هەفتەدا لەگەڵ گۆڕینی خۆراك و دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان گرنگییان هەیە، ئەگەر بەم هەنگاوانە هێشتا ئاستی كۆلیستیرۆڵ دانەبەزێت، ئەوا دكتۆر دەرمانی تایبەت بە دابەزاندنی كۆلیستیرۆڵ بەتایبەتی لە گروپی ستاتینەكان Statins رێنمایی دەكات.
Top