دیاركردنی پێوانەی ئاسایی پەستانی خوێن لە منداڵدا تا رادەیەك ئاڵۆزە و پەیوەستە بە تەمەن و قەبارەی منداڵ، پەستانی خوێن بە شێوەیەكی ئاسایی بە درێژایی تەمەنی منداڵی گۆڕانی بەسەردادێت، لە تەمەنی یەك ساڵیدا نزمترین پێوانە پیشان دەدات، پاشان بەرە بەرە و ساڵ بە ساڵ بەرزدەبێتەوە. ئەگەرچی لەگەڵ تەمەندا پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە، بەڵام پێوانەی ئاسایی بۆ هەموو تەمەنێك وەكو یەكە و پێویستە كە لە 120/80 ملم جیوە كەمتر بێت، بە مانایەكی دیكە لەو ژمارەیە بەرزتر نەبێت ئەگینا بە بەرزبوونەوە هەژمار دەكرێت پێویستی بە دابەزاندن هەیە بە رێگاكانی: پارێز، گۆڕینی ستایلی ژیان، لەوانەشە پێویست بە بەكارهێنانی دەرمان بكات. هەندێك سەرچاوە پێوانەی پەستانی نێوان 120-140 لەسەر 80-90 ملم جیوە بە حاڵەتی پێش تووشبوون Prehypertension ناوزەد دەكەن، چونكە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتر بەردەوام لەئارادایە و هەمان مامەڵەی نەخۆشیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی لەگەڵدا دەكەن، هەروەها پێوانەی زیاتر لە 140/90 ملم جیوە بە جێگیربوونی نەخۆشییەكە هەژمار دەكرێت. بەهەرحاڵ، پێوانەی بەرزتر لە 120/80 ملم جیوە (یان هەتا ئەگەر ژمارەی سەرەوە یان ژمارەی خوارەوە بە تەنیا لەم پێوانەیە بەرزتر بێت) لە هەرزەكار و پێگەیشتوو و بەساڵاچوواندا بە پەستانی بەرز هەژماردەكرێت و پێویستی بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك هەیە وەكو: كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، كەمكردنەوەی خوێ و چەورییەكان لە خۆراكی رۆژانەدا، دووركەوتنەوە لە ئەلكهول، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە.