بەكارهێنانی داو بۆ ددان Flossing شەوانە سوودی زۆری بۆ پاراستنی تەندروستیی ددان و پوك هەیە بە لابردنی هەر پاشماوەیەكی خۆراك و بەكتریا لە نێوان ددانەكان، هەروەها بۆ رێگرتن لە پەیدابوونی چاڵ لە ددانەكان كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، ئەوا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ددان. داوی ددان دەگاتە ئەو شوێنانەی كە فڵچەی ددان نایگاتێ، بۆیە بەكارهێنانی داوی ددان تاكە رێگایە بۆ لابردنی پاشماوەی خۆراك لەم شوێنانەدا، بەمەشەوە رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوە، یان نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم، لەوكاتەی كە پاشماوەكانی خۆراك لە كەلێنی ددانەكان شیدەبنەوە، ئاوێتەی سولفەری و ماددەی تر دروست دەكەن كە بۆنێكی ناخۆش لەناو دەمدا پەیدا دەكەن. هەروەها داوی ددان هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ خۆپاراستن لە هەوكردنی پوك Gingivitis كە لە ئەنجامی مانەوەی چینێك لەسەر هێڵی پوكدا و پاشان هەوكردنی پەیدا دەبێت و دەبێتە هۆی نەرم و ناسكبوونی پووك، ئازار، خوێنبەربوون، ناخۆشبوونی بۆنی دەم، لە ئەنجامیشدا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری لەدەستدانی ددان. كە چینی نیشتووی كەلێنی ددانەكان بە داو لانەبرێت، ئەوا بە تێپەڕبوونی كات رەقتر دەبێت كە نە بە فڵچە و نە بە داو لاناچێت و ئەگەری نەخۆشی پوك زیاد دەكات، ئەم چینە رەقە تەنیا بە پاككردنەوە لە لایەن دكتۆری ددان لادەبرێت. بە پێی رێنمایی كۆمەڵەی ئەمەریكی نەخۆشییەكانی ددان، پێویستە كە رۆژانە بەلای كەم جارێك داوی ددان بەكاربهێندرێت.