ئایا هەموو ئافرەتێكی دووگـــیان پێویستی بــە دەنـكی ئـاسن هـەیـە؟
كاریگەریی كەمیی ئاسن لەسەر تەندروستیی ئافرەتی دووگیان: هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزیی گشتی، دڵەكوتێ، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، تەنكبوونی قژ، رەنگ زەردی Pallor، لاوازبوونی بەرگریی لەش و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنەكان، كەمیی كێشی كۆرپە. وەرگرتنی دەنكی ئاسن هەندێك زیانی لابەلای هەیە، هەتا ژەمی ئاسن گەورەتر بێت، ئەگەری زیانە لابەلایەكان زیاتر دەبێت كە ئەمانەن: هێڵنج، رشانەوە، سكچوون، هەندێك جاریش قەبزی، هەروەها سك ئێشە و هەستكردن بە سووتانەوە، بەتایبەتی ئەگەر دەنكی ئاسن لەسەر گەدەی بەتاڵ وەربگیرێت، چونكە كاریگەری دەكاتە سەر چینی ناوپۆشی گەدە. دیاریكردنی ژەمی گونجاو گرنگیی زۆری هەیە بە مەبەستی خۆپاراستن لە كەمخوێنی و كەمكردنەوەی ئەگەری زیانە لابەلایەكان، ئەمەش بە گوێرەی ئاستی هیمۆگلۆبین لەلایەن دكتۆر دیاری دەكرێت. بەگشتی، لە هەرێمی كوردستاندا زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتانی دووگیان دوچاری كەمخوێنی دەبن لەبەر كەمی كانزای ئاسن، بۆیە پێویستییان بە وەرگرتنی دەنكی ئاسن و فۆلیك ئەسید (ڤیتامین B9) هەیە هەر لەپاش 4 مانگی دووگیانی تا ماوەیەك پاش منداڵبوون. جگە لە دەنكی ئاسن، پێویستە كە ئافرەتی دووگیان گرنگی بە خۆراكی رۆژانەی بدات، باشترین سەرچاوەكانی خۆراكیی ئاسن بریتین لە: گۆشت، جگەر، دانەوێڵە، پاقلەمەنییەكان، نیسك، سەوزە گەڵا تاریكەكان وەكو خاس، سپێناغ، كەرەوز، جەرجیر.
