هۆكارەكانی نەزۆكیی ئافرەت

هۆكارەكانی نەزۆكیی ئافرەت
نەزۆكیی ئافرەت Infertility بریتییە لە نەبوونی توانا بۆ دووگیانبوون پاش یەك ساڵ لە هاوسەرگیری. دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و چارەسەركردنی نەزۆكیی ئافرەت لە نەزۆكیی پیاو زۆر ئاڵۆزترە. توانای ئافرەت بۆ دووگیانبوون لە تەمەنی 35 - 40 ساڵی و بە سەرەوە بە شێوەیەكی سروشتی كەم دەبێتەوە. گرنگترین هۆكارەكانی نەزۆكی ئافرەت ئەمانەن: گرفت لە دروستبوونی هێلكۆكە Ovulation و سستبوونی هێلكەدانەكان، فرەكیسی هێلكەدان PCOS كە باوترین هۆكاری نەزۆكیی ئافرەتە دەبێتە هۆی تێكچوونی باڵانسی هۆرمۆنەكان و گرفت لە دروستبوونی هێلكۆكەدا، سترێسی توند و بەردەوام، كێشی زیادی لەش و قەڵەوی كە دەبنە ئەگەری نەزۆكیی كاتی، هەروەها لاوازی سەخت لە رووی كێشی لەشەوە دەبێتە هۆی گرفت لە دروستبوونی هێلكۆكە و ناڕێكی یان دواكەوتنی یان وەستانی سووڕی مانگانە. زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی پرۆلاكتین Prolactin كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دروستبوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە هێلكەدانەكانەوە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرفت لە گلاندی پتیوتەری كە كەوتۆتە ژێرەوەی مێشك، هەندێك جاریش زیانی لابەلای چەند دەرمانێك دەبنە ئەگەری زیادبوونی پرۆلاكتین، گرفت لە لوولەكانی فالوپدا Fallopian tubes (لوولەی نێوان هێلكەدان و منداڵدان) بە شێوەی گیران یان تێكچوونی ناوپۆشی لەبەر ئەم هۆكارانە: هەوكردنی منداڵدان و لوولەكان بەو میكرۆبانەی كە لە رێگەی سێكسەوە دەگوازرێنەوە، نەشتەرگەریی سك یان حەوز، نەخۆشیی سیل لە ناوچەی حەوزدا، گرفتەكانی منداڵدان و ملی منداڵدان وەكو: گرێی لیفی منداڵدان Fibroid، هەوكردنی ناوپۆشی منداڵدان، سەقەتیی زگماكی منداڵدان، تەسكبوونەوەی كونی ملی منداڵدان Cervical stenosis. لە هەندێك حاڵەتی نەزۆكیدا، پاش پشكنینی زۆر هیچ هۆكارێك بۆ نەزۆكی نادۆزرێتەوە، بەڵام بەگشتی بە تێپەڕبوونی كات لە خۆیەوە چاك دەبێتەوە.
Top