كە گوێت لە نەخۆشیی شەكرەی جۆری سێیەم Type 3 Diabetes دەبێت، لەوانەیە كە بەلاتەوە شتێكی نوێ بێت، بەڵام بەم دواییە لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە ئەم جۆرەی شەكرە پەیوەستە بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر Alzheimer’s disease. نەخۆشیی شەكرەی جۆری یەكەم Type 1 زیاتر لە منداڵ و گەنجەكاندا دەبیندرێت، لەبەر كەمی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئینسولین لە گلاندی پەنكریاس كە تەنیا بە پارێزی خۆراك و گۆڕینی ستایلی ژیان كۆنتڕۆڵ نابێت، بەڵكو رۆژانە پێویستی بە دەرزی ئینسولینەوە هەیە بۆ بالانسكردنی ئاستی شەكری خوێن. شەكرەی جۆری دووەم Type 2 روودەدات لەوكاتەی كە هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا هەیە، بەڵام خانەكانی لەش سوودی لێ وەرناگرن واتە بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین دەنوێنن، دەرەنجام ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە، قەڵەوی هۆكاری سەرەكی تووشبوونە لەگەڵ بوونی مەیلی خێزانی یان زگماكی، ئەم جۆرەی شەكرە بە پارێز و گۆڕینی ستایلی ژیان و هەندێك جاریش دەنكی تایبەت كۆنتڕۆڵ دەكرێت. لە لێكۆڵینەوە نوێیەكاندا هاتووە كە جگە لە گلاندی پەنكریاس، مێشكیش هۆرمۆنی ئینسولین بەرهەم دێنێت، ئەمەش دەرگا واڵا دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باشتری شەكرە و نەخۆشیی ئەلزهایمەر. نەخۆشیی شەكرەی جۆری سێیەم درێژكراوەی جۆری یەكەم و دووەمە و هەمان فسیۆلۆژیای هەیە، بەڵام لەناو مێشكدا. ئینسولین پێویستە بۆ دەمارەخانەكانی مێشك بۆ هەڵمژینی شەكری گلوكۆز، ئەگەر ئەم خانانە بەرگری بەرامبەر بە ئینسولین پەیدابكەن، ئەوا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئەلزهایمەر.