جگەر Liver ئەندامێكی زۆر گرنگە، بەڵام زۆر شت هۆكارن بۆ تێكدانی خانەكان و فرمانی جگەر. شەكر تەنیا بۆ ددان خراپ نییە، بەڵكو زیان بە جگەریش دەگەیەنێت، جگەر شەكر بەكاردێنێت بۆ دروستكردنی چەوری، بڕی زیادی شەكر، خواردنەوە شیرینكراوەكان، سۆدا، شیرینی دەبنە هۆی كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا Fatty liver، شەكر وەكو ئەلكهول جگەر تێكدەدات هەتا لەو كەسانەدا كە كێشی لەشیان ئاساییە. مۆنۆسۆدیۆم گلوتامێت MSG كە لە پیشەسازیی خۆراكدا بۆ خۆشكردنی چێژ بەكاردێت، وەكو جیبس و سۆدای دایێت Diet soda، لەوانەیە كە هۆكار بێت بۆ هەوكردن و كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا. قەڵەوی، هۆكارێكی ترە بۆ كۆبوونەوەی چەوری لە جگەر و ئاوسانی یان گەورەبوونی قەبارەی جگەر، بە تێپەڕبوونی كات مۆمبوونی جگەر Cirrhosis روودەدات. بڕی زیادی ڤیتامین A لە لەشدا ژەهراوییە بۆ جگەر، بۆیە زیاد خواردنی هێلكە، شیر، سەوزە و میوەی رەنگاوڕەنگ، هەروەها بە شێوەی كەپسول، یان شروب ئەگەر رۆژانە لە 10،000یەكەی جیهانی زیاتر وەربگیرێت ئەوا زیان بە جگەر دەگەیەنێت. تاتووكردن و كونكردنی هەندێك شوێنی لەش بە ئامێری ئالوودەبوو ئەگەری هەوكردنی جگەر بە ڤایرۆسی جۆری C زیاد دەكات كە زیانی درێژخایەن بە خانەكانی جگەر دەگەیەنێت. چەورییە نێوەندەكان Trans Fats لە پیشەسازی خۆراكدا بە كرداری هایدرۆجینكردنی Hydrogenation زەیتی رووەكی دروست دەكرێن و دەخرێنە خۆراكی خێرا و ئامادەكراو، دەبنە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و نەخۆشی جگەر. وەكو زیانی لابەلا، هەندێك جۆرە دەرمانی دژەخەمۆكی هەتا ئەگەر تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەكاربێن، كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر شانەكانی جگەر كە هەندێك جار دەبێتە مەترسی بۆ ژیان.