دڵ لە كەسانی پێگەیشتوودا لەكاتی حەسانەوەدا بە تێكڕایی 60- 100 جار لە خولەكێدا لێدەدات (گرژ و خاودەبێتەوە). زیادبوونی لێدانەكانی دڵ Tachycardia لەبەر تێكچوونی سستمی كارەبایی دڵ كە كۆنترۆلی تێكڕای لێدانەكانی دڵ دەكات روودەدات، ئەو هۆكارانەی كە ئەم گرفتە پەیدا دەكەن و دەبنە هۆی خێرابوونی سیگنالە كارەباییەكانی دڵ بریتین لە: نەخۆشیی دڵ، نەخۆشی یان سەقەتیی زگماكیی دڵ، كەمخوێنی، مەشقی وەرزشی، سترێسی كتوپڕ، ترس یان تۆقینی لەناكاو، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەرەكێشان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، زیاد خواردنەوەی چای یان قاوە، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی Hyperthyroidism، هەندێك جاریش بە بێ بوونی هۆكارێكی دیاریكراو روودەدات. نیشانەكانی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ: سەرسووڕان، هەناسەڕاوكێ، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، دڵەكوتێ(هەستكردن بە لێدانەكانی دڵ Palpitations)، ئازاری سینگ، هەندێك جاریش بوورانەوە، لە هەندێك كەسیشدا زیادبوونی لێدانەكانی دڵ بێ نیشانەیە و تەنیا بە پشكنینی كلینینكی یان هێڵكاری كارەبایی دڵ دەستنیشان دەكرێت. زیادبوونی لێدانەكانی دڵ دەبێتە هۆی تێكچوونی فرمانی دروستی دڵ لە پاڵنانی خوێنی ئۆكسێنراو بۆ هەموو بەشەكانی لەش و گەڕاندنەوەی خوێن بۆ سییەكان، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و وەستانی كتوپڕی دڵ زیاد دەكات.