لە چەندین لێكۆڵینەوەی نوێدا هاتووە كە ڤیتامین D پەیوەندی هەیە بە سیستمی بەرگریی لەش، رەقبوونی خوێنبەرەكان، لەگەڵ بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین Insulin resistance. ئەمەش سەلمێنراوە كە كەمیی ڤیتامین D پەیوەندی هەیە بە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و نەخۆشیی شەكرەوە. هەوكردنی درێژخایەن رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شەكرە، ڤیتامین D ئەم هەوكردنە كەم دەكاتەوە. زۆربەی خانەكانی بەرگری لە لەشدا وەرگریان بۆ ڤیتامین D هەیە، لكانی ڤیتامین D بەم وەرگرانەوە دەبێتە هۆی رێكخستنی كردارەكانی ناو خانەكان و ئاكتیڤبوونی سیستمی بەرگریی لەش بەرانبەر بەم نەخۆشییانە. نەخۆشیی دڵ واتە رەقبوونی خوێنبەری تاجی دڵ لەبەر نیشتنی چەوری و كۆلیستیرۆل و كالسیۆم كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوە و رەقبوونی دیواری خوێنبەر و نۆرەیەكی دڵ یان جەڵتەی مێشك. نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم لەوكاتەدا سەرهەڵدەدات كە بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا دەستپێدەكات، لێرەدا پەنكریاس ئینسولین بەرهەم دێنێت، بەڵام لەش ناتوانێت بە شێوەیەكی دروست بەكاری بێنێت، لە ئەنجامدا ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە و كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر دەمار و بۆڕییەكانی خوێن و بەشەكانی تری لەشدا. لەوانەیە بەكارهێنانی ڤیتامین D لە نەخۆشانی شەكرەدا رێگربێت لە تووشبوون بە هەندێك ئاڵۆزیی نەخۆشیی شەكرە بەتایبەتی نەخۆشیی دڵ و جەڵتە.