بۆچی لەكاتی خواردنی ئایس كرێمدا دوچاری سەرئێشە دەبیت؟

بۆچی لەكاتی خواردنی ئایس كرێمدا دوچاری سەرئێشە دەبیت؟
سەرئێشە یەكێكە لە بڵاوترینی نیشانەكان كە دووچاری هەموومان دەبێت. سەرئێشە بریتییە لە ئازار لە ماسوولكە و دەمارەكانی ناوچەی مل و سەر لەگەڵ پەردەكانی مێشك و پەتكەدەمار، خودی مێشك هەستیار نییە بە ئازار، بۆیە سەرئێشە ئازارێكە لە دەوری مێشكدا كە كۆتاییە دەمارییەكان لە ناوچەی سەردا دەیگەیەننە مێشك. زۆربەمان لەكاتی خواردنی ئایس كرێم یان ئەزبەری دوچاری سەرئێشەیەكی توند دەبین. ئەم سەرئێشەیە تەنیا بۆ ماوەی 30 چركە بەردەوام دەبێت، هۆكار یا چۆنییەتی سەرهەڵدانی ئەم جۆرەی سەرئێشەیە كە بە ساردەسەرئێشە Cold headache ناسراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە شتێكی سارد بە سەقفی دەم دەكەوێت لە رۆژێكی گەرمدا، ئەوا دەبێتە ئەگەری فراوانبوونی خوێنبەرەكانی ناوچەی سەر بە هۆی ئەو سەنتەرە دەمارەی كە كەوتۆتە بەشی سەرەوەی سەقفی دەم، پاش ساردبوونی ئەم سەنتەرەی دەمار، سیگناڵ دەگاتە مێشك كە ئەویش وەكو كاردانەوەیەكی توند و خێرا بە مەبەستی گەرمبوونەوەی مێشك خوێنبەرەكان فراوان دەكاتەوە. بۆخۆپاراستن لە سەرئێشەی پەیوەست بە خواردنی ئایس كرێم یان ئەزبەری، هەوڵ بدە كە لەسەرخۆ و كەم كەم بخۆیت و بەر سەقفی دەمت نەكەوێت.
Top