رووبەری سەوزایی Green space سوودی زۆری بۆ ژینگە و تەندروستی هەیە، هەوا لە پیسكارەكان فلتەر دەكات، رووبەری سێبەر زیاد دەكات كە گرنگە بۆ پاراستنی پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی راستەوخۆی خۆر، داخورانی زەوی بۆ ناو ئاو كەمدەكاتەوە، پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، بۆ نموونە لە هاویندا پلەی گەرمی رووی فریز 30 پلەی سەدی كەمترە لەپلەی گەرمی رووی ئەسفەلت و 14 پلەی سەدی كەمترە لە رووی زەوی(خۆڵ). سوودەكانی تری رووبەری سەوزایی: باشتركردنی كوالیتی كەش و هەوا، پاراستنی ئاوی سەر زەوی لە پیسكارەكان، لابردنی دوكەڵ و تۆز و پسكارەكانی هەوا، لەگەڵ دابینكردنی بڕێكی باشتری ئۆكسجین بۆ هەڵمژین و كەمكردنەوەی رێژەی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن، بۆ نموونە یەك درەخت دەتوانێت ساڵانە نزیكەی 12 كیلۆگرام دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەی هەوادا (ئەتمۆسفیر) لابەرێت، پاراستنی كوالیتی ئاو بەوەی كە رووبەری سەوزایی ئەگەری گەیشتنی فۆسفۆر و نایترێتەكان لە خاكەوە بە ئاو كەمدەكاتەوە. ئاوێتە نایترێتەكان Nitrates بێ رەنگ و بێ بۆن و بێ چێژن، كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر هیمۆگلۆبین بەتاییەتی لە منداڵی بچووكدا. ئەمەش سەلمێنراوە كە رەنگی سەوز بۆ باری دەروونی مرۆڤ ئارامكەرەوەیەكی سروشتی و كاریگەرە.