دابەزینی پەستانی خوێن پاش ژەمی خۆراك Postprandial hypotension هۆكارە بۆ سەرسووڕان و هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی جەستەیی. كەسانی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی پاركینسۆن زیاتر دووچاری دابەزینی پەستانی خوێن دەبنەوە راستەوخۆ پاش ژەمێكی سەرەكیی خۆراك، لێرەدا سیستمی ئۆتۆنۆمی دەمار ناتوانێت كە پەستانی خوێن لەپاش ژەمی خۆراكدا بە تەواوی رێكبخات. هۆكارەكان: گرفت لە گوێی ناوەڕاست كە زۆر جار هۆكارە بۆ سەرسووڕان و ویزە لە گوێدا لەپاش خواردن، نەخۆشیی رەقبوونی خوێنبەرەكان كە دووچاری خوێنبەرەكانی مل و دڵ و كۆئەندامی هەرس دەبێت، هەوكردنی گەدە Gastritis هۆكارە بۆ سەرسووڕان پاش خواردن، لەگەڵ هێڵنج و ئازار، سترێسی زیاد، پەستی و نیگەرانیی توند، ماندووبوونی مێشك، نەخۆشیی دڵ دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی سووڕی دروستی خوێن كە پێویستە بۆ كرداری هەرسكردن، بۆیە تووشبووان پاش ژەمی خواردن دوچاری سەرسووڕان و هێڵنج و هەستكردن بە ماندووبوون دەبنەوە لەگەڵ سك ئێشەیەكی توند، زیانی لابەلای دەرمان بەتایبەتی ئەوانەی دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن، خۆراكی چەور وەكو گۆشت، پەنیر، شیر، خۆراكی سوێر، ترشیات، هەروەها نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشی لە گلاندی دەرەقی كە كاریگەریی دەكەنە سەر میتابۆلیزم و هاوسەنگیی وزە و شلە لە لەشدا. بۆ خۆپاراستن لەم گرفتە پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كاربۆنكراوەكان، خواردنەوەی بڕی باشی ئاو، خواردنی ژەمەكان لەكاتی خۆیدا، زیادكردنی بڕی سەوزە و میوە و دانەویڵەی تەواو Whole grains، پشوودانی راستەوخۆ پاش ژەمە سەرەكییەكان خواردن.