ئەو ئافرەتانەی كە شیری سروشتیی خۆیان دەدەنە منداڵەكانیان دەتوانن كە زۆربەی دەرمان و كوتانەكان لەكاتی پێویستدا بەبێ مەترسی بەكاربێنن، بێ ئەوەی كە هیچ كاریگەرییەكی نەخوازراو بكاتە سەر تەندروستی منداڵ، ئەگەرچی لە نووسراوی هەموو دەرمانەكاندا بە وردەكاریی زۆرەوە ئاماژە بە سەلامەتیی بەكارهێنان لە لایەن دایكی شیردەرەوە Lactating mothers دەكرێت. زۆر جار ئافرەت كە لە لایەن دكتۆر دەرمانێك یان پتری بۆ دەنووسرێت ئەوا لەبەر مەترسیی كاریگەری یان زیانی لابەلای دەرمان لەسەر تەندروستیی منداڵ، بەبێ راوێژكاریی دكتۆر منداڵ لە شیری خۆی دەكاتەوە و دەیخاتە سەر شیری قوتوو بێ ئەوەی كە درك بە سەلامەتیی دەرمانەكان بكات، ئەمەش بە هەنگاوێكی هەڵە دادەنرێت، چونكە هەموومان دەزانین كە شیردانی سروشتی یەكجار باشترە لە شیردانی دەستكرد یان شیری قوتوو لەبەر ئەوەی كە سوودی بۆ گەشە و تەندروستیی منداڵ و تەندروستیی دایك زیاترە. مەرج نییە كە پاش بەكارهێنانی دەرمان، بەشێك لە خودی دەرمانەكە وەكو خۆی یان بەشێكی پاش گۆڕانی زیندەكیمیایی لە لەشدا بگاتە ناو شیر، تەنیا هەندێك دەرمانی دژەئازاری بەهێز نەبێت وەكو كۆدایین Codeine، ئۆكسیكۆدۆن Oxycodone، كە لەوانەیە كاریگەری بكەنە سەر تەندروستیی منداڵ، بۆیە بۆ كەمكردنەوەی ئازار دەكرێ دەرمانی دیكەی سەلامەت لە لایەن دایكی شیردەرەوە بەكاربهێنرێن بۆ نموونە پرۆفین، تایلینۆل Tylenol، ناپرۆكسین Naproxen. واباشە كە ئافرەت دووركەوێتەوە لە بەكارهێنانی هەر دەرمانێكی گیایی و هەر دەرمانێك بەمەبەستی زیاد دروستبوونی شیر.