كلۆر Chlorine پاكوخاوێنی ئاوی حەوزی مەلە دەپارێزێت، بەڵام هۆكارێكی هاندەرە بۆ تووشبوون بە هەوكردنەكانی چاو. بەگشتی ئەوانەی كە مەلە لە حەوزی مەلەوانگەكاندا دەكەن دووچاری ئەم گرفتانەی چاو دەبنەوە: سووربوونەوە و سووتانەوەی چاو، ناڕوونیی لە بینیندا Blurred vision بۆ ماوەیەكی دیاركراو. هۆكار: ئاوی كلۆركراوی حەوزی مەلەوانگەكان چینی سەرەوەی چاو رادەماڵێت، ئەو چینە لینجەی كە رووی چاو لە هەوكردن دەپارێزێت..هەروەها هەرگیز كلۆركردن ئاوی حەوز لە هەموو جۆرێكی بەكتریا و تەنۆلكەی بیانی بە تەواوی پاك ناكاتەوە، دەرەنجام مەلەوان دووچاری سووربوونەوە و هەوكردنی چاو دەبێت. كلۆر چینی كۆرنیای چاو دوچاری سووتانەوە دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی وشكبوونی چاو، بەمەشەوە كرداری بینین ڵێڵ و ناڕوون دەبێت. بۆ خۆپاراستن: بەكارهێنانی چاویلكەی تایبەت بە مەلە Goggles، لابردنی هاوێنەی لكاو لەكاتی مەلەدا لەوكاتەی كە ماوەی نێوان هاوێنەی لكاو و رووی چاو شوێنێكی گونجاوە بۆ حەشاردانی بەكتریا و ڤایرۆس. چارەسەركردن: دڵۆپی چەوركردنی چاوەكان لەكاتی سووتانەوە یان وشكبوونی چاو، شووشتنی چاو بە ئاو یان گیراوی تایبەت Eye wash پاش مەلەكردن بۆ ماوەی 15 خولەك. لەكاتی تووشبوون بە سووربوونەوەی چاو لەگەڵ زیاد فرمێسككردن، تێكچوونی بینین، یان ئازارێكی توند لە چاودا لەكاتی یان لەپاش مەلەكردندا، ئەوا پێویست بە راوێژی راستەوخۆی پزیشكی چاو دەكات.