جەڵتە Stroke بریتییە لە قەیرانێكی تەندروستیی كتوپڕ لە ئەنجامی گرفت لە گەیشتنی خوێن بە شانەكانی مێشك، یان كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە خانەكانی مێشك و مردنی خانەكان بەهۆی گیرانی، یان تەقینی بۆڕییەكی خوێن. زۆربەی حاڵەتەكانی جەڵتە بەبێ نیشانەیەكی ئەلارم روودەدەن، ئەمەش هۆكارە بۆ درەنگ گەیشتنی تووشبوو بە نەخۆشخانە و دواكەوتنی چارەسەركردن، هەرچەند چارەسەركردن دوابكەوێت، هێندە ئەگەری مردنی ژمارەیەكی زۆرتری خانەكانی مێشك زیاتر دەبێت. دەكرێ كە بەچەند هەنگاوێك چانسی جەڵتە كەمبكرێتەوە، یان رێگە لە دووبارەبوونەوەی جەڵتە لەپاش روودانی جەڵتە بگرێت، وەكو: پێوانەی پەستانی خوێن بە شێوەیەكی دەوری لە لایەن دكتۆر، پابەندبوون بە پارێز و دەرمان لەكاتی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزی خوێن كاریگەرترین هەنگاوە بۆ خۆپاراستن لە جەڵتە، چونكە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن باوترین هۆكارە بۆ جەلتە، وازهێنان لە جگەرەكێشان كە هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و مەیینی خوێن و تێكدانی بۆڕییەكانی خوێن، با خۆراكت هاوسەنگ بێت لەگەڵ كەمكردنەوەی خوێ و شەكر و چەورییە تێرەكان Saturated fats، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بەردەوام، كەمكردنەوە، یان دووركەوتنەوە لە ئەلكهول، كۆنترۆلكردنی، یان كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش، كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە لەو كاتەی كە یەكێك لە ئاڵۆزییەكانی نەخۆشیی شەكرە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جەڵتەیە.