هەستكردن بە سڕبوون یان تەزینی Numbness پەنجەكان لەوانەیە كە كاردانەوەیەكی كاتی بێت بەرانبەر بە كەمی، یان نەبوونی جوولانەوە بۆ ماوەیەكی، زۆر یان بەركەوتن بە گۆڕانێكی كتوپڕی پلەی گەرمی، لەوانەشە كە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشی، یان لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەك پەیدابێت. ئەگەر هاوكات لەگەڵ سڕبوونی پەنجەكان نیشانەی تری وەكو گۆڕان لە رەنگ و هەست بەدی بكرێن، ئەوا پێویست بە سەردانی راستەوخۆی دكتۆر دەكات. هۆكارەكان: فشار لەسەر شانەكانی تۆنێلی مەچەك كە پەستان دەخاتە سەر دەمارێكی دەست كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاد بەكارهێنانی مەچەك و ئیشی قوڕس، بەركەوتنی زەبر، یان برینداربوونی مەچەك كە دەمارەكانی دەست بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە ئەگەری ئازار و ناڕحەتی مەچەك و تەزینی پەنجەكان، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Neuropathy لەبەر هۆكاری جیاواز وەكو راهاتن لەسەر ئەلكهول، گرفت لە بڕبڕەكانی ملدا لەبەر هۆكاری جیاواز، گرفت لە سووڕی خوێن لە پەنجەكاندا لەبەر نارێكی لێدانەكانی دڵ Arrhythmias یان هۆكاری تر، جەلتەی مێشك. كەمی ڤیتامین و كانزا دەبێتە ئەگەری سڕبوون و گرفت لە فرمانی ماسوولكەكاندا بۆ نموونە كەمیی كالسیۆم، مەگنسیۆم، زینك، هەروەها كەمیی ڤیتامینB9، B12 و D، نەخۆشی شەكرە كە بە تەواوی كۆنترۆل نەكرێت دەبێتە هۆی هەوكردنی دەمار و گرفت لە سووڕی خوێندا، ژاراویبوون بە كانزا قوڕسەكانی وەكو جیوە، جگەرەكێشانی قوڕس و درێژخایەن.