هەر ئافرەتێك دوو هێلكەدانی هەیە، كەوتوونەتە ناوچەی حەوز لە لای راست و چەپی منداڵدان، قەبارەی هەر یەكێكیان بەقەد دانە گوێزێكە. هێلكەدانەكان هێلكۆكە دروست دەكەن و سەرچاوەی سەرەكین بۆ هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن. كیسی هێلكەدان Ovarian cyst لەناو هێلكەدان پەیدا دەبێت، شلە، یان ماددەیەكی نیمچە رەق لەخۆدەگرێت. كیسی هێلكۆكە Follicular cyst باوترین جۆری كیسی هێلكەدانە و بریتییە لە كیسی هێلكۆكە كە لەكاتی سووڕی مانگانەدا زیاتر لە ئاسایی گەشە دەكات و پڕدەبێت لە شلە و هێلكۆكەش لەخۆدەگرێت. كیسی هێلكۆكە لە حاڵەتی ئاساییدا دەكرێتەوە و هێلكۆكەیەك ئازاد دەدات، كیسی هێلكۆكە لە ماوەی چەند رۆژێك تا چەند مانگێك لەخۆیەوە نامێنێت. زۆربەی حاڵەتەكانی كیسی هێلكەدان هەستیان پێناكرێت و بێ نیشانەن و لەخۆیانەوە چاكدەبنەوە، بەڵام هەندێك جار دەبێتە هۆی ئازار لە سك یان حەوزدا تەنیا لەكاتی: تەقینی كیسی هێلكەدان، گەشەی خێرای كیس، خوێنبەربوون بۆ ناو كیس، سووڕانی كیس Torsion. ئەگەر قەبارەی كیسەكە گەورەتر بێت، ئەوانیشانەی تر سەرهەڵدەدەن لەبەر فشار لەسەر ئەندامەكانی دەوروبەری، بۆ نموونە بەدهەرسی، هەستكردن بە پڕبوونی گەدە و تێربوون پاش خواردنێكی كەم، زوو میزكردن. لەكاتی بوونی گومان پاش پشكنینی كلینیكی حەوز لە لایەن دكتۆر، ئەوا بۆ دەستنیشانكردن پێویست بە پشكنینی دیكە دەكات، وەكو: سۆنار كە زۆربەی حاڵەتەكان دەستنیشان دەكات، هەروەها بە وێنەگرتنی CT سكان و رەنینی موگناتیسیش كیسی هێلكەدان دەستنیشان دەكرێت.