ئایا ئێرباگی ئۆتۆمبیل مەترسی هەیە؟

ئایا ئێرباگی ئۆتۆمبیل مەترسی هەیە؟
ئێرباگ (Airbag)ـی ناو ئۆتۆمبیل تا ئێستا زۆر كاریگەر بووە بۆ پاراستنی ژیانی هەزاران كەس، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك جار دەبێتە مەترسی بۆ شوفێر و سەرنشینەكان كە پێویستە دركی پێبكەن. ئێرباگ لەبەر خێرا كرانەوەی، یان خێرا پڕبوونی بە هەوا لە كاتی رووداوی هاتوچۆ دەبێتە هۆی برینداربوونی سەرنشین، چونكە خێرایی كرانەوەی ئێرباگ دەگاتە زیاتر لە 150میل لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش بە توندی بەر دەموچاو و سینگی شوفێر، یان سەرنشینەكان دەكەوێت، بۆیە ئەو سەرنشینانەی كە زۆر نزیكن لە شوێنی كرانەوەی ئێرباگ، یان پشدێنی دڵنیایی نابەستن زیاتر دوچاری لێدانی كتوپڕی ئێرباگ دەبنەوە، برینداربوونیشیان سەختتر دەبێت، هەروەها منداڵ و كەسانی ورد و بچووك رووبەڕووی هێدمەی ئێرباگ دەبنەوە و ئەزیەتی زیاتریان پێدەگات، ئەمەش روونكراوەتەوە كە بەرانبەر بە هەر 22 حاڵەتی پاراستن لە مردن كەسێك بە هۆی ئێرباگەوە گیان لەدەست دەدات. بۆ خۆپاراستن لە برینداربوون بە خێراكرانەوەی ئێرباگ: وا باشترە كە منداڵی ژێر 12 ساڵی تەمەن و كەسانی قەبارە بچووك لە كوشنی پشتەوەی ئۆتۆمبیل دابنیشن و پشدێنی دڵنیایی بە دروستیی ببەستن، چونكە ئێرباگ لە پێش كوشنەكانی پشتەوەدا نییە. كەسانی پێگەیشتووی قەبارە بچووك ئەگەر لە كوشنی پێشەوەی ئۆتۆمبیل دابنیشن، ئەوا پێویستە كە كوشنەكانیان تا دوورترین ماوە لە دەشبول ببەنە پشتەوە لەگەڵ بەستنی پشتدێنی دڵنیایی هەتا ئەگەر لێخوڕینی ئۆتۆمبیلیش لەسەرخۆ بێت.
Top