یەكێك لە پێشكەوتنە گرنگ و نوێیەكان كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی پەیوەست بە پیربوون بەدەست هاتووە بریتییە لەدۆزینەوەی تیلۆمەرەكان Telomeres كە كۆتاییەكانی كرۆمۆسۆمەكان دەپارێزن، جگەرەكێشان لە رێگەی كاریگەریی خراپ لەسەر تیلۆمەرەكان كرداری پیربوونی سروشتی تاودەدات. لەگەڵ بەساڵاچووندا، تیلۆمەرەكان لە ئەنجامی دابەشبوونی خانەدا كورت دەبن و كاریگەریی كرداری ئۆكسان لەسەر خانەكاندا بەرجەستەتر دەبێت كە پێی دەوترێت گوشار، یان سترێسی ئۆكسان Oxidative stress، جگەرەكێشان و قەڵەوی ئەم كاریگەرییە زیاتر و توندتر دەكەن. لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە كێشانی پاكێتێك جگەرە لە رۆژێكدا بۆ ماوەی 20 ساڵ كرداری پیربوون بۆ نزیكەی 4 ساڵ دێنێتە پێشەوە بەتایبەتی پیربوونی پێست Skin aging، كەچی قەڵەوی نیو هێندە كرداری پیربوونی دێنێتە پێش، كەواتە هەردووكیان بەیەكەوە كرداری پیربوون بە شێوەیەكی بەرچاو تاودەدەن.