بە تێكڕایی پێویستمان بە 7.5 كاتژمێر نووستنێكی كوالیتی باش هەیە، ئەمە جگە لە پێویستی سروشتیی لەش بە خەو، رۆڵی هەیە لە كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەشدا. كەم نووستن و كوالیتی خراپی نووستن دەبنە هۆی تێكچوون لە كرداری میتابۆلیزمدا Metabolism واتە كرادری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكەوە، ئەمەش پەیوەندیی زۆری بە كێشی لەشەوە هەیە. دوو هۆرمۆن رۆڵی بنەڕەتییان لە مەسەلەكەدا هەیە كە بریتین لە گهرێلین Ghrelin و لێپتین Leptin. گهرێلین ئاگادارمان دەگاتەوە كە كەی خۆراك بخۆین، لەوكاتەی كە تێر خەو نەبین ئەوا ئاستی ئەم هۆرمۆنە بەرزدەبێتەوە واتە هانمان دەدات بۆ خواردن. هۆرمۆنی لێپتین ئاگادارمان دەكاتەوە بۆ وەستان لە خواردن، لەوكاتەی كە تێرخەو نین ئەوا ئاستی ئەم هۆرمۆنە دادەبەزێت. كەواتە ئاستی بەرزی هۆرمۆنی گهرێلین و ئاستی نزمی هۆرمۆنی لێپتین دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، بە مانایەكی تر زیاتر دەخۆین و كرداری میتابۆلیزم لەسەرخۆدەبێتەوە. لە لایەكی ترەوە، گەلێك جار هۆكاری دانەبەزینی كێشی زیادی لەش دەگەڕێتەوە بۆ كەم خەوتن یان تێر نەخەوتن یان كوالیتی خراپی خەو. هەروەها كەم خەوی وات لێدەكات كە لیاقەیەكی باشت نەبێت بۆ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، لەگەڵ ئارەزوو بۆ هەڵبژاردنی خۆراكی ناتەندروستییانە، دەرەنجام كێشی لەشت زیاد دەكات و لەوانەیە كە دوچاری قەڵەوی بیت كە ئەمەش بە دەوری خۆی دەبێتە هۆی كەم خەوی، واتە ئەلقەیەكی نەپچڕاو.