كەی نەشتەرگەری بۆ پشت ئێشە پێویست دەكات؟

كەی نەشتەرگەری بۆ پشت ئێشە پێویست دەكات؟
لە هەندێك حاڵەتی پشت ئێشە لەبەر خزینی كڕكڕاگە Slipped disc نەشتەرگەری دەبێتە هەڵبژاردەیەكی بەهێزی چارەسەركردن كە چەند جۆرێكی هەیە. مەبەستی سەرەكی نەشتەرگەری بریتییە لە لابردنی بەشێكی شانەی دیسكی نێوان بڕبڕە بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر دەمارەكاندا. نەشتەرگەری تەنیا لەوكاتەدا زۆر پێویست دەكات كە كڕكڕاگەی خزیو كاریگەری زۆر بكاتە سەر دەمارەكان و ببێتە هۆی گرفت لە كۆنترۆڵكردنی میزڵدان و ریخۆڵە لەگەڵ لاوازبوونی چەند ماسولكەیەكی دیاریكراو، هەروەها لەكاتی بوونی ئازاری توند و بەردەوام كە بە دەرمان و چارەسەری سروشتی هەرگیز كۆنترۆڵ نەكرێت. گەلێك جار بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری زەحمەت دەبێت، چونكە نابێت ئەمە لە بیر بكرێت كە نەشتەرگەری بۆ دیسكی خزیو چەند ریسك و مەترسی لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە خوێنبەربوون، برینداربوونی دەمار كە لەوانەیە ببێتە گرفت لە جووڵەی پێیەكاندا، هەوكردن، لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی بەنجی گشتی وەكو گرفت لە هەناسە و كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا. بەگشتی، گەرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی كە هیچ جۆرێكی ئەو نەشتەرگەرییانەی كە بۆ خزینی كڕكڕاگە ئەنجام دەدرێن ببنە هۆی نەمانی یەكجارەكی نیشانەكان، لەوانەشە كە لە هەندێك حاڵەتدا پاش نەشتەرگەری نیشانەكان سەختتر بن، بۆیە دواتر گەلێك نەخۆش پێویستییان بە چارەسەری سروشتی و راهێنانەوە دەبێت.
Top