گەلێك ئافرەت شیری خۆیان نادەنە منداڵەكانیان، چونكە پێیان وایە كە دەبێتە هۆی شلبوون و شۆڕبوونی مەمك Sagging، بەڵام لە راستیدا شیردانی سروشتی هەرگیز هۆكار نییە بۆ شۆڕبوونی مەمك، بەڵكو دووگیانی و فاكتەری دیكە هۆكاری سەرەكین بۆ گۆڕان لە شێوە و پتەویی و قەبارە و شۆڕبوونی مەمك. لەكاتی دووگیانیدا ئەو بەستەرانەی كە بەرپرسن لە راگرتنی مەمك دەكشێن لەبەر قورستربوون و ئاوسانی مەمك، دەرەنجام لەپاش منداڵبوون هەر بە شۆڕیی دەمێننەوە چونكە بەستەرەكان توانای هێشتنەوەی راگرتنی مەمكیان وەكو پێش دووگیانی نامێنێ، ئەمەش هیچ پەیوەندی بە شیردانی سروشتییەوە نییە. شۆڕبوونی مەمك بە زیادبوونی ژمارەی دووگیانبوون بەرجەستەتر دەبێت. فاكتەری تر كە رۆڵیان هەیە لە شۆڕبوونی مەمكدا: كێشی لەش و پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش، گەورەیی قەبارەی مەمك بەر لە دووگیانی، تەمەن، جگەرەكێشان. پاش منداڵبوون بە 2 هەفتە قەبارەی مەمك وەكو پێش دووگیانی لێدێتەوە لە رووی قەبارەوە، بەڵام لە رووی پتەوییەوە هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی پێش دووگیانی. ئەگەر دەتەوێ كە مەمكەكانت بە قیتیی و پتەوی بمێننەوە بە درێژایی تەمەن ئەوا نابێ دووگیان بیت و نابێ پیربیت كە ئەمەش مەحاڵە. بۆ خۆپاراستن لە شۆڕبوونی مەمك پاش منداڵبوون، پەیڕەویی ئەم خاڵانە بكە: چاودێری كێشی لەشت بكە، كێشی زیاد بەرە بەرە و زانستییانە تەنیا بە چاودێریی پزیشك دابەزێنە، بەردەوام مەشقی وەرزشی ئەنجام بدە، ستیانی دروست بەكاربێنە.