قۆنداخكردنی منداڵ Swaddling مێژوویەكی كۆنی هەیە، یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ هەستكردن بە سەلامەتی، یارمەتیی نووستنێكی ئارام لەسەر پشت دەدات، لەگەڵ زوو بێداربوونەوە لەكاتی بوونی هەر بزوێنەرێكی دەرەكی، یان ناڕەحەتی و ئازار لە لەشدا، لەوانەشە كە منداڵ لە مردنی كتوپڕ بپارێزێت لەگەڵ گەیشتن بە 3 مانگیی تەمەن، منداڵ بە قۆنداخكردن ناڕەحەت دەبێت و ئارەزووی جووڵە دەكات، بۆیە لەوكاتەی كە منداڵ توانای خۆسووڕاندنی دەبێت، ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەك قۆنداخ بكرێت لەبەر مەترسیی خنكان. هەروەها لەبەر گەرمیی زۆر لە ئەنجامی قۆنداخكردندا ئەگەری مردنی كتوپڕ زیاد دەبێت، بۆیە وا باشترە كە منداڵ بەدوور بگریت لە جلی زۆر و ژووری گەرم، هەتا ئەگەر قۆنداخیش نەكرێت، وا باشە كە پلەی گەرمیی جێگەی نووستنی منداڵ لە نێوان 15.5- 21 پلەی سەدیدا بێت. پاش وازهێنان لە قۆنداخكردن لەوانەیە كە منداڵ بۆ ماوەیەكی كورت گرفتی هەبێت لە چوونە خەوەوە، بەڵام پاش ماوەیەكی كورت لە دۆخەكە رادێت و بەئاسانی دەخەوێت، ئەگینا لایلایە و شیردان راستەوخۆ بەر لەكاتی نووستن یان دوشێكی گەرم لەگەڵ بەرە بەرە كەمكردنەوەی توندیی قۆنداخ لە زۆربەی حاڵەتەكاندا یارمەتیدەر دەبن.