خوێنبەربوون لە سەرەتای دووگیاندا مەترسی لەبارچوونی لێدەكرێت

خوێنبەربوون لە سەرەتای دووگیاندا مەترسی لەبارچوونی لێدەكرێت
گەلێك ئافرەت لەگەڵ وەستانی سووڕی مانگانە كە یەكەم نیشانەی دووگیانییە، چەند دڵۆپێك یان بڕێكی كەم خوێن دەبینن Spotting كە لەگەڵ جێگیربوونی هێلكەی پیتێنراو لە ناوپۆشی منداڵداندا روودەدات، ئەمەش شتێكی ئاساییە و مەترسی نییە، پاشان بینینی خوێن هەرگیز ئاسایی نییە و پێویست بە بەدواداچوون و پشكنین دەكات لە لایەن دكتۆری تایبەتمەند. لەبارچوون Miscarriage باوترین هۆكارە بۆ بینینی خوێن لە سەرەتای دووگیانیدا. لەبارچوون واتە لەدەستدانی دووگیانی لە هەر كاتێك پێش تەواوكردنی 24 هەفتە، بەڵام نزیكەی 80%ی حاڵەتەكانی بینینی خوێن و لەبارچوون لە پێش هەفتەی 13 هەمی دووگیانیدا روودەدەن. لەدەستدانی دووگیانی لەپاش 24 هەفتەدا بە منداڵبوونی مردوو Stillbirth هەژمار دەكرێت. هۆكارێكی تری خوێنبەربوون لەكاتی دووگیانیدا بریتییە لە دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy كە نیشانەكانی ئەمانەن: ئازار لە بەشی خوارەوەی سك كە لەوانەیە زۆر تیژ بێت لەبەر خوێنبەربوون لە ناوەوەی سكدا كە ژیان دەخاتە مەترسییەوە و پێویستی بە نەشتەرگەریی كتوپڕ هەیە، خوێنبەربوون یان بینینی خوێن لە زێدا، لەوانەشە كە سكچوون و بێهێزیی گشتی بەدی بكرێن.
Top