خوێ Salt ماددەیەكی گرنگە و چێژ بە خۆراك دەبەخشێ، سۆدیۆم Sodium كە پێكهاتەی سەرەكی خوێیە رۆڵی هەیە بۆ رێكخستنی قەبارە و پەستانی خوێن، هەروەها بۆ فرمانەكانی ماسولكە و دەمارەخانەكان. بەگشتی زیاد خواردنی خوێ واتە پەستانێكی بەرزتری خوێنی. نزیكەی هەموومان خوێ زیاد لە خۆراك وەردەگرین كە زیاترە لە پێویستی رۆژانە، جگە لە خوێی شاراوە كە دركی پێ ناكەین. بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوە، بڕی خوێ زیاتر لە 6 گرام لە خۆراكی رۆژانەدا كە دەكاتە كەوچكێكی مشتی كوپ زیانی زۆر بە دڵ و سووڕی خوێن دەگەیەنێت بە شێوەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادكردنی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك. لەسەر نووسراو یان راستییە خۆراكییەكانی سەر خۆراكە قوتووبەندەكاندا سۆدیۆم لەجیاتی خوێ بەكاردێت، بەڵام دەتوانیت كە بڕی خوێ بزانیت بەوەی كە هەر گرامێك سۆدیۆم دەكاتە 2.5 گرام خوێ، بۆ نموونە ئەگەر نووسرابێت 3 گرام سۆدیۆم واتە 7.5 گرام خوێ. كەمكردنەوەی بڕی رۆژانەی خوێ هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن و خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەكانی وەكو نەخۆشی دڵ، پەككەوتنی دڵ، جەڵتەی مێشك، نەخۆشی گورچیلە.