گۆڕانی هۆرمۆنیی لە تەمەنی باڵغبووندا كە بە شێوەیەكی ئاسایی روودەدات لە تەمەنی 11-14 ساڵیدا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی زیپكە Acne لە هەندێك گەنجدا بەتایبەتی كە پێستیان لەبەر هۆكاری نادیار چەوری زیاد دەردەدات. مەیلی زگماكی رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە زیپكە لە تەمەنی باڵغبووندا، هەروەها جگەرەكێشان لە تازە باڵغبوواندا تا رێژەی40% ئەگەرە بۆ تووشبوون و زیادبوونی ژمارەی زیپكە و سەختتربوونی هەوكردنی زیپكەكان. بەكارهێنانی گەلێك دەرمان هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی زیپكەی گەنجێتی وەكو: ستیرۆیدە ئەنابۆلیكەكان Anabolic steroids كە لەلایەن وەرزشوانانی لەش جوانی و هەڵگرتنی قورسایی بەكاردەهێنرێن، ریفادین Rifadin، ڤیتامین B12، بەكارهێنانی كرێمی كاڵكردنەوەی پێست كە جگە لە زیپكە دەبێتە ئەگەری هەوكردنی پێست، بەكارهێنانی حەبی مەنع كە دوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن لەخۆدەگرێت هۆكارێكی ترە بۆ سەرهەڵدان و زیادكردنی ژمارەی زیپكەكان. هۆكارەكانی تر: فرەكیسی هێلكەدان كە جگە لە زیپكە هۆكارە بۆ ناڕێكبوونی سووڕی مانگانە و موودەردان Hirsutism، هەندێك جۆری ئاوێتەكانی ئارایشت هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی زیپكە، لە هەمان كاتیشدا بە بوونی زیپكە بارەكە سەختتر دەكەن، ژینگەی گەرم و شێدار، هەروەها ساونا دەبنە هۆی گیرانی كونەكانی پێست.