ئایا بەكارهێنانی بەردەوامی دژەهەتاو زیانی هەیە؟

ئایا بەكارهێنانی بەردەوامی دژەهەتاو زیانی هەیە؟
ناوچەكەمان لە رووی جوگرافییەوە تیشكی خۆری زۆر بەردەكەوێت، تیشكی بەهێزی خۆر دوژمنێكی سەرسەختی پێستە، ئایا بڕیارت داوە كە رۆژانە ئاوێتەیەكی دژەهەتاو (سەنسكرین Sunscreen) بەكاربێنیت، ئایا دڵنیایت لە سەلامەتی پێكهاتەكان؟ ئاوێتەكانی دژەهەتاو، پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناو تیشكی خۆر دەپارێزن كە هۆكارە بۆ شێرپەنجەی پێست. گەلێك كەس لەوە نیگەرانن كە لەوانەیە پێكهاتەكانی ئاوێتەكانی دژەهەتاو و بەكارهێنانی بەردەوام زیان بە پێست بگەیەنێت بە شێوەی گرفتی سادە تا دەگاتە شێرپەنجە. پسپۆڕانی پێست جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەكارهێنانی رۆژانەی سەنسكرین لە ئاییندەی زوو یان درەنگدا هیچ زیانێكی بۆ پێست نییە. ئێستا زیاتر ئەو جۆرانەی دژەهەتاو بەكاردەهێنرێن كە لە تەنۆلكەی نانۆNanoparticles پێكهاتوون كە لەلایەن پێستەوە هەڵنامژرێن و بێ زیانن. بەگشتی دژەهەتاو 2 جۆری هەیە، دژەهەتاوی كیمیایی كە ماددەی كیمیایی لەخۆدەگرن و لە لایەن پێستەوە هەڵدەمژرێن، دژەهەتاوی فیزیایی لە دەرەوەی پێستدا دەمێننەوە و هەڵنامژرێن. زینك ئۆكساید Zinc oxide و دایۆكسیدی تیتانیۆم Titanium dioxide باشترین جۆری دژەهەتاوی فیزیایین. ئەو جۆرانە باشترن كە فاكتەری پاراستنی هەتاو SPF تیایاندا لە 30 زیاتر بێت. پێویستە ئەمەش بزانرێت كە هیچ جۆرێكی دژەهەتاو پێست 100% ناپارێزێت، بۆیە هێشتا پێویست بە بەكارهێنانی رێگای تر دەكات بۆ پاراستنی پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر وەكو جلی تایبەت و دووركەوتنەوە لە بەركەوتن بە تیشكی خۆر لەو كاتانەی كە تیشكی خۆر بەهێزە.
Top