نیگەرانی، یان ترسی كۆمەڵایەتی Social phobia واتە شەرمكردنی سەخت Excessive shyness كە هەر دوو رەگەز تووشی دەبن، بریتییە لە شەرمێكی لە رادەبەدەر لە كەسانی دەوروبەر. تووشبوو ترسی هەیە لەوەی كە ببێتە جێگای تێبینی و سەرنجی كەسانی دیكە. گەلێك كەس زێدەڕۆیی لە شەرمكردنیاندا دەكەن، بۆ نموونە نزیكەی 30- 40% ی خەڵك جەخت لەوە دەكەنەوە كە شەرمنن، بەڵام كە تێبینی هەڵسوكەوتیان دەكرێت ئەوا دەبینرێت كە تەنیا 15- 20% ی ئەو كەسانە لە راستیدا شەرمنن. گەلێك لە كەسانی تووشبوو بە ترسی كۆمەڵایەتی لە ناخیانەوە بە توندی ئارەزووی پەیوەندیكردن لەگەڵ كەسانی تر لە كۆمەڵگادا دەكەن، بەڵام ترسیان هەیە لەوەی كە ببنە جێگای سەرنج و رەخنەی كەسانی تر. جگە لەمە، تووشبووان دوچاری هەستكردن بە نیگەرانی و سترێس دەبنەوە لەكاتی خواردن لە شوێنی گشتیدا، هەروەها لەكاتی چوون بۆ گەرماو یان ئاودەستی گشتی. نزیكەی 70%ی تووشبووان بە ترسی كۆمەڵایەتی ئافرەتن كە لە تەمەنی 11- 15 ساڵیدا دەستپێدەكات، سەرهەڵدانی ترسی كۆمەڵایەتی لەپاش تەمەنی 25 ساڵیدا دەگمەنە. ئەگەرچی ترسی كۆمەڵایەتی مەیلی خێزانی هەیە، بەڵام هۆكاری تەواوی نەزانراوە. بۆ چارەسەركردنی ترسی كۆمەڵایەتی، لە رابردوودا دەرمانی ئارامبەخشی وەكو ڤالیوم Valium بەكاردەهێنرا، بەڵام ئێستا 3 دەرمانی باشتر بۆ كۆنترۆڵكردنی ترسی كۆمەڵایەتی لەبەر دەستدان، هەروەها چارەسەری هزری Cognitive therapy لە لایەن دكتۆری پسپۆری دەروونی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئەنجامی باشی دەبێت.