ئەنفلوەنزای بەراز Swine یان هەوكردن بە ڤایرۆسی H1N1 لە بەرازەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤی تووشبوو بۆ یەكێكی دی دەگوازرێتەوە. هەر لەپاش پەتای مانگی ئابی 2010 ـەوە، ڤایرۆسی H1N1 وەكو ڤایرۆسەكانی دیكەی وەرزی كە دەبنە هۆی ئەنفلوەنزا دەخولێتەوە، بۆیە بۆتە بەشێك لە ڤاكسینی وەرزیی ئەنفلوەنزا Flu shot. نیشانەكانی ئەنفلوەنزای بەراز 1- 3 رۆژ پاش گەیشتنی ڤایرۆس بە لەش ئینجا دەردەكەون و بۆ نزیكەی 7 رۆژ بەردەوام دەبن. نیشانەكانیشی وەكو نیشانەكانی ئەنفلەوەنزای ئاسایین، بەڵام لەوانەیە كە سەختتر بن، بۆ نموونە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، كۆكە، كڕانەوەی قوڕگ، سەرئێشە، ئازاری ماسوولكە، لەرز، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون، سكچوون، رشانەوە. زۆربەی حاڵەتەكان وەكو ئەنفلوەنزای ئاسایی چارەسەر دەكرێن، تەنیا لە حاڵەتەكانی هەوكردنی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە نەبێت كە پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانی تایبەتی دژەڤایرۆس دەكات وەكو تامیفلو Tamiflu یان ریلێنزا Relenza كە لە توندی نەخۆشییەكە كەم دەكەنەوە. یەكەم هەنگاوی خۆپاراستن بریتییە لە بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا بە شێوەی دەرزی یان سپرای لووت كە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی H1N1 سوودی هەیە، هەروەها لەكاتی تووشبووندا حەسانەوە لە ماڵ بۆ ماوەی 7 رۆژ پێویستە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون، دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ.