چۆن كڕێژ بنبڕ دەكەیت؟

چۆن كڕێژ بنبڕ دەكەیت؟
كڕێژ Dandruff یان تۆشك بریتییە خێرابوونی كرداری نوێبوونەوەی خانەكانی پێستی سەر و كۆبوونەوەی خانە كۆن و مردووەكان لەسەر رووی پێستدا، ئەمەش دەبێتە ژینگەیەكی لەبار بۆ هەوكردن بە كەڕوو. لە تووشبوواندا، پلەی گەرمی و رێژەی شێداری لە هەوادا كاریگەریی دەكەنە سەر خێرایی و توندی دروستبوونی كڕێژ. پیاو زیاتر لەئافرەت دووچاری كڕێژ دەبێت كە لەوانەیە لەبەر كاریگەریی هۆرمۆنی نێرینە بێت، كڕێژ لە هەر تەمەنێكدا بەدی دەكرێت، بەڵام زیاتر لە تەمەنی بیستەكاندا. كڕێژ هەرگیز پەیوەندی بە پاك و خاوێنییەوە نییە و لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دی ناگوازرێتەوە. بۆ بنبڕكردنی كڕێژ پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی جێلی قژ و ئاوێتەكانی تری قژ بەتایبەتی بۆیەی قژ، چونكە رێژەی بەكتریای سوودبەخشی پێستی سەر لەناودەبات، ئەم بەكتریایە ئەگەری گەشەی كەڕووی كڕێژ كەم دەكاتەوە، زوو شووشتنی قژ و پێستی سەر، شووشتن و پاككردنەوەی شانە و هەموو ئامێرەكانی تری ستایلكردنی قژ بە ماددەی بكوژی میكرۆب و كەڕوو وەكو دیتۆل، بەكارهێنانی شامپۆی تایبەت بە قژی وشك بەلای كەم هەفتانە 2 جار، بەكارهێنانی شامپۆی دژەكەڕوو بەتایبەتی ئەوانەی كە كیتۆكۆنازۆل Ketoconazole لەخۆدەگرن بە رێنمایی دكتۆر یان هەفتانە 2 جار بۆ ماوەی 2- 4 هەفتە كە هەر جارەی شامپۆكە بۆ ماوەی 2- 5 خولەك لەسەر قژدا بمێنێتەوە.
Top