بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی پزیشكانی كوردستان بەشداری لە توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ دەكەن

بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی پزیشكانی كوردستان بەشداری لە توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ دەكەن
ئیستانبووڵ- ئاران بریفكانی

بە بەشداریكردنی ژمارەیەكی بەرچاو لە پزیشكانی نەخۆشییەكانی سنگ و هەناو، كۆمپانیای ئەسترازینیكای جیهانی پێشەنگ لە دروستكردنی دەرمان نوێترین توێژینەوەی زانستیی ساڵی 2015 سەبارەت بە نەخۆشیی تەنگەنەفەسی (رەبوو) لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا ئەنجام دا.
ئەم توێژینەوەیە لە یازدە وڵاتی ناوچەكە خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە، ئەم وڵاتانەش بریتیبوون لە میسر و جەزائیر و ئێران و كوەیت و قەتەر و لوبنان وسعوودیە و تونس و ئیماراتی عەرەبی و عێراق.
یەكێك لەم توێژینەوانە كە لە ئیستەنبووڵ ساز كرا، تێیدا پزیشكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەشدارییان تێدا كرد و ژمارەیەكیش لە پسپۆڕانی كۆمپانیای ئەسترازینیكا سەرپەرشتیی توێژینەوەكەیان كرد و دوو رۆژیش بەردەوام بوون.
هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی یەكجار زۆر تێدایە، بۆیە ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوەیە هاوكاریی هەموو پەیوەندیدارانی تەندروستی دەدات بۆ وەستان لەسەر هۆكارەكانی كە دەبێتە لەدەستدانی كۆنترۆڵكردنی ئەم نەخۆشییە و هەروەها یارمەتییان دەدات بە دەستنیشانكردنی باشترین جۆری داوودەرمان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم نەخۆشییە و زامنكردنی ژیانێكی باشتر بۆ نەخۆشەكان.
دكتۆر عەلی بەرزنجی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی توێژینەوەكە رای گەیاند، سوودێكی زۆرمان لە توێژینەوەكە بینی و ئاشنای نوێترین چارەسەری نەخۆشیی تەنگەنەفەسی بووین و بەو هیوایەین بتوانین سوود بە نەخۆشەكانی خۆمان بگەیەنین.
دەستنیشانكردنی عێراق بۆ ئەم توێژینەوەیە لە بارودۆخی ناهەمواری ئێستایدا بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی لە لایەن كۆمپانیای ئەسترازینیكا و پابەندبوونی كۆمپانیاكە لە دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ نەخۆشانی پێشكەشكردنی پاڵپشتی بۆ تەندروستییەكی باشتر بۆ هاووڵاتییان لە عێراق بە پشتبەستن بە نوێترین زانیاری زانستی، ئەوە دەگەیەنێت كە كۆمپانیاكە سووڕە لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ كارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق.
نەخۆشیی تەنگەنەفەسی كە بە (رەبوو یان ئەسما) ناوزەد دەكرێ نەخۆشییەكی بەربڵاوە لە كۆمەڵگە جیاجیاكاندا لە سەرتاسەری جیهان. نەخۆش لە رێگەی سنگەوە هەست بە تەنگەنەفەسی دەكات و زیادبوونی هەستیاری لە دیواری خوارەوەی هەناسەدا دەبێتە هۆكاری ئاوسانی ئەو دیوارە و نەخۆش بە زەحمەت هەناسە دەردەدات.
Top