ئەوە گومانی تێدا نییە كە خۆراكی دروست و هاوسەنگ Balanced food ستراتیجیی یەكەمە بۆ بەدیهێنانی تەندروستییەكی باش و درێژخایەن. دەستپێكی رێكخستنی خۆراك لە هەر كاتێكدا بێت، گرنگی زۆری هەیە و ئامانجێكی باشی تەندروستی دەپێكێت. شیرینی زیاد و چەوری زیاد لە خۆراكدا هۆكارن بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەكان، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەردی زراو، سووانی جومگە، هەروەها كەم خواردنی سەوزە و میوە هۆكارە بۆ تووشبوون بە كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان كە زیاتر بە شێوەی كزبوونی بەرگری لەش و بێهێزی گشتی و لاوازبوونی قژ خۆی دەنوێنێت. ئەمەش حاشا هەڵنەگرە كە بڕی زیادی سەوزە و میوە، ماسی، كاكڵەكان، ئەلبانی كەم چەوری، دانەوێڵەی تەواو، رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی لە گەلێك نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەكان و هەتا شێرپەنجەش.