جیاوازی نێوان زیادبوونی حەزی خواردن لەكاتی دووگیانیدا Pregnancy cravings لەگەڵ حاڵەتی ئاساییدا ئەوەیە كە حەزی خواردن لەكاتی دووگیانیدا ملیۆن جار لە حاڵەتی ئاسایی زیاترە. لەوانەیە كە ئافرەتی دووگیان بەیانی لەگەڵ لەخەو هەڵساندا حەزی بچێتە خواردنی ئایس كرێم، یان لەبەر حەزی زۆر بۆ كڕینی یان خواردنی جۆرێكی خۆراك پیاوەكەی بنێرێتە ماركێتێك كە چەند میلێك لە ماڵەكەیانەوە دووربێت. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، زیادبوونی ئارەزوو بۆ جۆرێكی خۆراك لە زێتر لە نیوی ئافرەتە دووگیانەكاندا بەدی دەكرێت. لە لێكۆڵینەوەیەكی دیكەدا هاتووە ئافرەتی دووگیان نەك تەنیا حەزی ناچێتە خواردنی ئایس كرێم و ترشیات، بەڵكو حەزی دەچێتە هەموو جۆرێكی خۆراك. ئایا هۆكاری زیادبوونی حەزەكانی خواردن لەكاتی دووگیانیدا چییە؟ هۆكاری راستەقینەی ئەم حەزە تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام بەشێكی هۆكارەكان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی بەرچاوی هۆرمۆنەكان لەكاتی دووگیانیدا كە كاریگەری گەورە دەكاتە سەر هەستی بۆن و چێژكردن. ئەمە لە تەمەنی پاش وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەشدا هەر لەبەر گۆڕانی هۆرمۆنی دەبیندرێت، بەڵام بە شێوەی دووركەوتنەوە، یان قێزكردنەوە لە هەندێك جۆری خۆراك، ئەگەرچی زیادبوونی حەز، یان قێزكردنەوە لە هەندێك خۆراك دوو رووی یەك دراون.