گواستنەوەی دڵ Heart transplantation تاكە چارەسەری گونجاوە بۆ حاڵەتەكانی سەختیی پەككەوتنی دڵ Heart failure كە لەگەڵ چڕترین چارەسەری پزیشكیدا هێشتا نیشانەكان بە توندی بەردەوام دەبن. یەكەم نەشتەرگەری گواستنەوەی دڵ لە لایەن د.كریستیان بێرنارد ساڵی 1967 ئەنجام درا، ئێستا ساڵانە زێتر لە 5000 نەشتەرگەری گواستنەوەی دڵ لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجام دەدرێت. ئەمە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە لەش هەموو ئەندامێكی بێگانە بە توندی رەتدەكاتەوە، بەڵام ئێستا ژیانی ئەو نەخۆشانە پاش گواستنەوەی دڵ باشتر و درێژتر بووە لەگەڵ دۆزینەوەی دەرمانی باشتر بۆ دامركاندنی سیستمی بەرگری لەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاردانەوەكانی رەتكردنەوەی دڵی گوازراوە و رێگرتن لە روودانی هەوكردن. لە راستیدا دەتوانرێت كە دڵی دەستكردیش Artificial heart بۆ نەخۆش بگوازرێتەوە، بەڵام دەبێتە ئەگەری هەوكردن و مەیینی خوێن كە مەترسی بۆ تەندروستی پەیدا دەكات، هەروەها گواستنەوەی ئەندامی ئاژەڵی بۆ لەشی مرۆڤ دەبێتە هۆی رەتكردنەوەیەكی یەكجار سەخت و گرفتی تەندروستی گەورە.