هەموو ئافرەتێك ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت كە ببێتە خاوەن منداڵێكی تووشبوو بە مۆنگۆلیزم Mongolism، بۆیە پێویستە كە هەموو ئافرەتێكی دووگیان پشكنین بۆ مۆنگۆلیزم ئەنجام بدات. دەتوانرێت كە نەخۆشی مۆنگۆلیزم یان دیاردەی داون Down>s syndrome لەكاتی دووگیانیدا پێش منداڵبوون و پاش منداڵبوون دەستنیشان بكرێت. لەكاتی دووگیانیدا سەرەتا 2 جۆر تێست ئەنجام دەدرێن، یەكەمیان كە پێی دەگوترێت: پشكنینی سكرینكردن Screening كە بەهۆی سۆنارێكی تایبەت NT scan لە نێوان هەفتەی 10-20 ی دووگیانیدا دەكرێت لەگەڵ پشكنینێكی تایبەت بۆ خوێنی دایك، ئەگەر ئەم تێستانە پۆزەتیڤ بوون ئینجا تێستی دووەمی دەستنیشانكردن ئەنجام دەدرێت كە بە 2 رێگە دەكرێت كە لە هەفتەی 15-18 ی دووگیانیدا ئەنجام دەدرێن و بریتین لە شیكردنەوەی شلەی دەوری منداڵ Amniocentesis و وەرگرتنی سامپڵێك لە هاوار(وێڵاش Placenta) و پشكنینیان لە تاقیگەدا. پشكنینی دەستنیشانكردن لەكاتی دووگیانیدا بەگشتی سەلامەتە، لەوانەیە كە چەند زیانێكی لابەلای سادەی لێبكەوێتەوە، بەڵام هەندێك جار لە هەندێك ئافرەتدا دەبێتە ئەگەری لەبارچوون.